بەپێی قسەی بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ” ژمارەی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان دەبێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 3 ملیۆنو 789 هەزار دەنگدەرە.
جومانە غەلای، گووتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ڕایگەیاند ” كۆمسیۆن ژمارەی دەنگدەرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەم ژمارەیەی كە مافی دەنگدانیان هەیە دوو ملیۆن و 901 هەزاریان كارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە”.
جومانە غەلای، زانیاری زیاتری راگەیاندو وتی ” ئەو ژمارەیەش بەو شێوەیە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبووە، پارێزگای هەولێر ملیۆنێك و 366 هەزار و 462 دەنگدەری گشتیی هەیە و ملیۆنێك و 16 هەزار و 357 دەنگدەر كارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە.
گووتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق گووتیشی” لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كە تا ئێستا تۆماری دەنگدەرانیان جیا نەكراوەتە ملیۆنێك و 496 هەزار دەنگدەری گشتیی هەیە و لەو ژمارەیەش ملیۆنێك و 146 هەزاریان كارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە”.
لەبارەی سنووری پارێزگای دهۆكەوە ئەوەی روونیكردەوە ” لە پارێزگای دهۆك 926هەزار دەنگدەری گشتیی هەیە و تا 3 ی تەموزی 738 هەزار دەنگدەر كارتی بایۆمەتریان دەرهێناوە”.
بەگوێرەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم بڕیارە 20 تشرینی یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت.

































































