شەهلا رەشید- سۆران:
بەڕێوەبەری ناحیەی پیران، باسی ئەو پڕۆژانە دەكات كە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێ كردندانە و لە داهاتووشدا جێبەجێ دەكرێن.
هەژار جەوهەر، بەڕێوەبەری ناحیەی پیران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” لە ئێستادا كۆمەڵێك پڕۆژەمان لە بواری جێبەجێ كردندانە، یەكێك لەو پڕۆژانە كە جێبەجێ دەكرێت شەقامی توڕەشە، دیواری پاڵپشتیكردن و فراوانكردنی شەقام و قیڕتاوكردنی بۆ دەكرێت گۆژمەكەشی 85 ملیۆن دینارە، هەروەها پڕۆژەی ئاوی ناحیە بە گۆژمەی 80 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سۆران جێبەجێ دەكرێت، ئەمەشیان لە قۆناغی تەواوبووندایە، هەروەها ڕەزامەندی بۆ دروستكردنی 10 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ پزیشكەكانی نەخۆشخانەی پیران دراوە.
ئاشكراشیكرد: هەندێك پڕۆژەی دیكەشمان هەنە كە لە دەورووبەری ناحیەی پیرانن، لەوانە سیانەكردنی شەقامی مەمۆڵا، كەكلە و خێرزۆكا، بە گۆژمەی سەد ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە جێبەجێ دەكرێت و گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، كۆمەڵێك پڕۆژەی دیكەشمان هەنە و دەرخستەمان بۆ كردوونە، ئەوانیش لە داهاتوودا دەكەونە بواری جێبەجێ كردنەوە.