قایمقامی قەزای رواندز روونكردنەوە دەدات
محەممەد مەحموود- رواندز:
دوای ئەوەی لەسەر راسپاردەی مەسروربارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ لە چوارچێوەی دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای رواندز، یەك لەو پڕۆژانە كۆنكرێت كردن و قیرتاوكردنی رێگای چەند گوندێكی دۆڵی ئاكۆیان بوو، قایمقامی قەزای رواندز لەسەر ئەو پڕۆژەیە روونكردنەوە دەدات.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز بە زاری كرمانجی راگەیاند” پڕۆژەی قیرتاوكردن و چاككردنی رێگای گوندەكانی دۆڵی ئاكۆیان لە سنووری قەزای رواندز نەوەستاوە و كارەكانی بەردەوامە”.
قایمقامی رواندز، گوتیشی” لە ئێستادا لەناو گوندی ئاكۆیان كاری كۆنكرێت كردن بۆ چەند كۆڵانێك دەكرێت و لە گوندی گەرەوانیش كاری كۆنكرێت كردن هەیە، ئەو كۆنكرێتەش بەشێك لە كارەكانی ئەو پڕۆژەیە”.
دەربارەی قیڕتاوكردنی رێگای گوندەكانی فەقیان، ئاكۆكەون، گەرەوانی خواروو، گەرەوانی سەروو، سەران، ئەحمەد قادر، باسی لەوەكرد ” كاری قیڕتاوكردنیش دەكرێت و ئەو كۆمپانیایەی بۆ دەرچووە كارەكان دەكات، هەندێجار تاوەكو ئەنجامی پشكنینی قیڕ و پێداویستی بەكارهێنانی پڕۆژەكە لە تاقیگە دەردەچێت پڕۆژەكان كەمێك دوادەكەون، ئەوەش لە پێناوی ئەوەیە پڕۆژەكان بە باشترین شێوە ئەنجامبدرێن.
لای خۆیەوە شوان موسا، بەڕێوەبەری پڕۆژەكان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری كرمانجی ” پڕۆژەی قیڕتاوكردنی رێگای گوندەكانی دۆڵی ئاكۆیان بەردەوامە لیژنەی چاودێریمان ناردووە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی ئەو پڕۆژەیە و لە كاتی خۆی تەواو دەكرێت.
گوژمەی ئەو پڕۆژیە ٧٦٩ ملیۆن و ٩٦٠ هەزار دینارە، ماوەی كاركردنیش ٢٥٠ رۆژە، كۆمپانیای بیاو كارەكان جێ بەجێ دەكات .