بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە،8ی تەممووزی 2024، شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەولێر بکات و لەنێو باڵەخانەی وەزارتی پێشمەرگە؛ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوایی لە حکوومەتی فیدراڵی کردووە، ئەو شاندەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، سەردانی هەولێر بکات بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی داواکارییەکانی حکوومەتی عێراق لە وەزارەتی پێشمەرگە، گوتی “ئەوان داوای ناوی چواری، کۆد، بایۆمەتری و شوێنی دەوامکردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەکەن؛ جگە لەوەش داوای ناوی سیانی دایکی هێزەکانی پێشمەرگە کراوە”.
بە گوتەی لیوا توانا سدیق، “شاندەکەی حکوومەتی عێراق بەڵێنیان داوە، ئەگەر کێشەیەکیش لە لیستی مووچە هەبێت، ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ڕانەگرن تا کێشەکە یان تێبینیەکە چارە دەبێت”.
بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتەکە هەموو ئامادەکارییەکی بۆ پێشوازیی لە شاندەکەی چاودێریی دارایی عێراق کردووە بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان.