زاری كرمانجی – سۆران:
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، شوفێرێكی دانیشتووی سۆران، بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان پاترۆل زیانی بە ناوچەیەكی گەشتیاری بێرمەسارد گەیاندبوو، لەلایەن فەرمانگەكەمانەوە سزای یاسایی لەسەر تۆمار كرا .
هەژار ماهیر بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بۆ زاری كرمانجی دووپاتی لەوە كردەوە، كەیسی ئەو شوفێرە لە دادگایە و هێشتا دادوەر بڕیاری كۆتایی و سزاكەی دەرنەكردووە، بەڵام بەپێی ماددەی 8ی ساڵی 2008 یاسایی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، سزای ئەو جۆرە تاوانانە بەند كردن و پێبژاردنیشی تێدایە .
ئاشكراشی كرد:” سزاكەی بەندكردنی لە ماوەی یەك مانگە و سزا ماددیەكەشی لە نێوان 150 هەزار دینار تا 200 ملیۆن دینارە، دادوەر بەپێی زەرەر و زیانەكان و تاوانەكەی بڕیار دەدات .
لە رۆژانی رابردوو، هاووڵاتییەكی دانیشتووی قەزای ناوەندی سۆران، بە ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان پاترۆل هەڵساوە بە تێكدانی ژینگە و سرووشتی گۆمی بێرمەسارد لە كوێستانەكانی قەزای سیدەكان و لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاوی كردۆتەوە، فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە جۆرێك لە هاندانی كەسانی تر دادەنێت و دەڵێت:” پێچەوانەی یاسایی پاراستن و ژینگەیە و دەرفەتێكیشە بۆ ئەوەی كەسانی تر هەمان سەرپێچی دووبارە بكەنەوە .