زاری كرمانجی-سۆران
بەپێی ئامارێكی كۆچ و كۆچبەرانی ئیدارەی سۆران، نزیكەی 150 ئاوارەی شارو شارۆچكەو ناوچەكانی عێڕاق و ناوچە كوردستانییەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ماون، لەكاتێكدا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێڕاق، حكوومەتی عێڕاق بڕیاری داوە سەرجەم كەمپەكانی ئاوارەكانیان لە هەرێمی كوردستان دابخرێن.
عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان لە ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” بە پێی ئامارەكانمان نزیكەی 150 ئاوارەی شارو شارۆچكەو ناوچەكانی عێڕاق و ناوچە كوردستانییەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ماون، بەشێك لەوانە سەرەڕایی گەڕاونەتەوە، بەڵام ئومێدیان بە شارەكان نییە بەمەش تا ئێستا بنكەیەكیان وەك ماڵێك لە شارو شارۆچكەكانی سنووری ئیدارەی سۆران ماوە”.
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەكان لە ئیدارەی سۆران، گووتیشی: ” ئەم ئاوارانەی تا ئێستا لە سنووری ئیدارەی سۆران ماون، تەنها چەند خێزانێكی ئێزیدی لە كەمپی ئازادی قەزای ناوەندی سۆران نیشتەجێن، ئەوانی دیكە زۆربەیان خانوویان بۆ خۆیان گرتووەو هاوشێوەی خەڵكی ناوچەكە سەرقاڵی ئیش و كاری خۆیانن و ژیانێكی ئاسوودەو پارێزراو بەڕێدەكەن”.
ئاشكراشی كرد: ” بڕیاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێڕاق، سەبارەت بە داخستنی كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، بەردەوامی ئەو سیاسەتە چەوتانەیە كە بەرامبەر بە هەرێم دەگیرێنەبەر، پێشتریش هەڕەشی بڕینی خۆراكی مانگانەو مووچەو هاوكارییەكان و هەوڵی بێبەش كردنی قوتابیانیان لە خوێندن كردووە ئەگەر نەگەڕێنەوە، لەكاتێكدا ئاوارەكان كوردستان بە شوێنی ئارامی دەزانن و خۆیان خواستی گەڕانەوە ناكەن، حكوومەتی هەرێمیش ئامادەنییە كەس بە هەڕەشەو زۆرە ملێ دەربكات.