ئاکاری ناپەسەند کارەساتی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ن/ ژوان باقی
وەرزی وشك بوونی گژوگیا و سەوزاییەکان دەست پێ دەکات هەر ڕۆژ لە شاخێك و لە دەشتیاییەکدا ئاگر دەکەوێتەوە زۆرجار خەلە و خەرمانی جوتیارانیش بەر ئەم مەترسییە دەکەوێت، ئەمە جیا لەوەی چەندین دارستانی سروشتی لەناودەچن.
ئاشکرایە لای هەمووان پوش و پاڵاشی وشك زوو ئاگر دەگرێت و بڵاو دەبێتەوە، هۆکار زۆر باسکراوە لە کاتی سوتانی شاخ و دارستانە سروشتییەکان و دەشتاییەکان، بەڵام هۆکارێكی دیکە هەیە کە ڕەنگە زۆرجار بیرمان لێ کردبێتەوە بەڵام باس نەکراوە یاخود زۆر گرنگی پێ نەدراوە. ئەویش (فڕێدانی جگەرەیە لە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکانەوە بۆ دەرەوە) کە کارەستێکی گەورە دروست دەکات، بەداخەوە لەکاتی شۆفێری کردن بێ گوێدانە سروشت و ژینگە و یاسا و بنەماکانی شۆفێری لەکاتی لێخوڕیندا سەرقاڵی جگەرە کێشانن، دواتر پاشماوەکەی دەکەنە گەردنی ژینگە و ئاگرکەوتنەوە دروست دەبێت، گرنگە لایەنی پەیوەندیدار زانیاری و ڕێنمایی دروست و بەرچاو ڕونی بۆ شۆفێران زیاتر بخرێتە ڕوو هەروەها لە هێماکانی هاتووچۆ وەك چۆن دەچینە شوێنێکی داخراو بە هێما ئاماژەی پێ دەدرێت جگەرەکێشان ڕێگە پێنەدراوە، لە تابلۆی سەر شەقامەکان ئەو ناوچانەی مەترسی ئاگرکەوتنەوەی هەیە هێمای جگەرە کێشان ڕێگە پێنەدراوە لە پشتەوەی وێنەی دارستانێکی سوتاو بێت، کە ئەم هێمایە لە وڵاتانی پێشکەوتوو یەکێکە لە هێماکانی هاتووچۆ و گرنگی و بایەخی خۆیە هەیە لە پێناو زیاتر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ ژینگەیەکی تەندروست و خاوێن.