مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئیسرائیل كوشتنی گەورە ئەندازیاری سیستەمی بەرگریی ئاسمانی حزبوڵلای ڕاگەیاند و دەڵێ “لە قووڵایی لوبنان و نزیكەی ١٠٠كم لە دووری سنووری ئیسرائیل، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەكانمان لە هێرشێكدا ئەندامی سەرەكی بەرگری ئاسمانی حزبوڵای لوبنانیان كوشت.”
كەناڵی 12ی ئیسرائیلی لەسەر زاری گەورە بەرپرسێكی سەربازی ئیسرائیل بڵاوی كردەوە”ئیسرائیل بە درۆن لە ڕۆژئاوای لوبنان، مەیسەم عەتار، گەورە ئەندازیاری سیستەمە بەرگرییەكانی حزبوڵلای لە سێ ڕییانی شعەت – بیقاع لە نێو ئۆتۆمبێلەكەی كوشت.”
بەپێی زانیارییەكانی هێزەكانی بەرگری ئیسرائیل، مەیسەم بە یەكێك لە سەرچاوەیەكی پڕ زانیاری لە یەكەی بەرگری ئاسمانی حزبوڵڵا دادەنرا و بەشداربووە لە پلاندانان و ئەنجامدانی هێرشەكان دژی ئیسرائیل.
هاوكات حزبوڵلای لوبنانی لە ڕاگەیاندروێكدا كوژرانی بەرپرسە باڵاكەی ئاشكرا كرد و ڕاگەیاند “مەیسەم ناسراو بە هادی، لەدایكبووی 1991 لە شارەدێی شعەتی سنووری ناوچەی بیقاع كوژراوە.”