شةهلا رةشيد- زارى كرمانجى:
چارەسەری پلازما، بریتیە لە بەكارهێنانی پلازمای دەوڵەمەند بە خەپلەكانی خوێن كە لە خوێندایە، بۆ هاندانی گەشەی شانە و خانەكانی پێست، ئەمەش وا دەكات پێست نوێ بێتەوە و رونتر و گەنجتر دەربكەوێت.
د. ئەیوب عەبدوالحەمە، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست و جوانكاری و لەیزەر لەم بارەوە دەڵێت” خوێن پێكدێت لەخڕۆكەی سپی، خڕۆكەی سور، پلازما و خەپلەكانی خوێن، بۆ ئەم چارەسەرە ئێمە خوێنی نەخۆشەكە وەردەگرین و دەكەینە تیوبێكی تایبەتی كە ماددەی دژەمەین و فاكتەری گەشەی تێدایە، پاشان دەخرێتە نێو ئامێری سێنتێرفیوج بۆ ماوەی ٨ بۆ ١٠ خولەك بە مەبەستی جیاكردنەوەی خانەكانی خوێن و پلازما و خەپلەكانی خوێن، پاش سڕكردنی روخسار بە كرێمێكی تایبەت، پلازمای دەوڵەمەند بە خەپلەكانی خوێن لە رێی سرنجی ئینسۆلین و ئامێری دێرما پێن-Dermapen، دەدرێتەوە لە پێست، ئەمەش هانی گەشەی كۆلاجین و نوێبونەوەی خانەكانی پێستی روخسار دەدات”.
سەبارەت بە زیان و مەترسییەوە ئەم پزیشكە دەشڵێت” لەبەر ئەوەی چارەسەری پلازما بەكارهێنانەوەی خوێنی سروشتی خۆتە، بێ زیان و مەترسییە، مرۆڤ كاتێ دەگاتە تەمەنی 30ساڵی پێستی روخساری ماندوو دەبێ و تێكدەچێت، لە رێی چارەسەری پلازماوە دەتوانرێ تا ئاستێك رەنگی پێست یەك بخرێتەوە و روخسار توند ببێتەوە، بۆ ئەم مەبەستانە بەكاردێت جوانكاری پێستی روخسار، لابردنی ئاسەواری زیپكە و سووتاوی، لابردنی پەڵە و كونیلەكانی سەر پێست، هەروەها بۆ چارەسەری هەڵوەرینی موو و بەهێزكردنەوەی، .. هتد، ئەوەی چارەسەر بە بۆتۆكس و فیلەر لەگەڵ پلازما جیا دەكاتەوە ئەوەیە راستەوخۆ دوای بەكارهێنانی فیلەر بۆ بۆڵدكردنی لێو یا پڕكردنەوەی خەت و چاڵی روخسار، مرۆڤ هەست بە گۆڕانكاری دەكات، یان چەند رۆژێك دوای بەكارهێنانی بۆتۆكسەكە هەست بە گۆڕانكاری دەكات، بەڵام پلازما پێویستی بە كات هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامەكانی دەربكەوێت و پێویستە لە ماوەی یەك ساڵدا وەكو مانەوەی چارەسەر Maintenance therapy دوو جار پلازما بۆ پێست بكرێت و دەتوانرێت ئەم چارەسەرە بۆ پیاوان و خانمان بەكاربهێنرێت، هەروەها ئەنجامی كۆتایی ئەم رێگەیە جوانكارییە لە دوای (٤-٥) مانگ دەردەكەوێت و بە تێپەڕبوونی كات زیاتر دەبێت، بۆ دەستكەوتنی ئەنجامێكی باشیش پێویستە سێ جەلسە ئەم چارەسەرە دووبارە بكرێتەوە، ماوەی نێوان جەلسەكان ٣ بۆ ٤ هەفتەیە، بەڵام بۆ هەڵوەرینی موو نزكەی شەش جەلسەی پێوستە و ماوەی نێوانیان چوار هەفتەیە.