شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” لە ماوەی 20 هەفتەی یەكەمی دووگیانیدا، 20-30%ی خانمان تووشی خوێنبەربوونی زێ دەبن، ئەوەش نیشانەیەكی مەترسیدارە و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی لەبارچوون.
د. بنار ئەحمەد، پزیشكی پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایكبوون، ئاشكرای كرد” بڕی خوێنبەربوون تەنها دەتوانێت لە پەڵەی خوێنەوە دەست پێبكات تا خوێنبەربوونێكی زۆر، پەڵە یان خوێنبەربوونێكی كەم و لینج بێت ڕەنگە كێشەیەكی زۆر جددی نەبێت بەڵام ئەگەر زۆر بێت ئەوا هەمیشە هۆكارێكە بۆ نیگەرانی و لەبارچوونی كۆرپە، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ گرژبوونی بەهێز و ئازارێكی زۆر لە خوارەوەی سكدا هەبێت، باوترین هۆكارەكانی خوێنبەربوونی زێ لە سەرەتای دووگیانیدا بریتین لەمانە:
-لەبارچوون: خوێنبەربوون دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ لەبارچوون، تایبەت لەگەڵ گرژبوونی بەهێز و ئازار لە خوارەوەی سكدا بێت.
-دووگیانی دەرەوەی منداڵدان: خوێنبەربوون كە لەگەڵ گرژبوونی بەهێزی بەشی خوارەوەی سك و سەرگێژخواردن دەتوانێت ئاماژە بێ بۆ ئەگەری چاندنی هێلكە لە دەرەوە و ڕوودانی دووگیانی دەرەوەی منداڵدان.
- خوێنبەربوونی چاندنی هێلكە: كە لە 10 بۆ 14 ڕۆژی دووگیانی ڕوودەدات، ئەوەش كاتێك هێلكەی پیتێنراو لە ناوپۆشی منداڵدان دەچێنرێت.
- دووگیانی هێشوو ترێ: هۆكارێكی دەگمەنە و تێیدا هێلكەیەكی پیتێنراوی نائاسایی لەبری دروستكردنی كۆرپەلە دەگۆڕێت بۆ شانەیەكی نائاسایی.
- خوێنبەربوونی نائاسایی و بێ ئازار لە هەر كاتێكی دووگیانیدا دەتوانێت ئاماژەی گرفت بێت لە وێڵاش یان منداڵبوونی پێشوەختە یاخود كێشەی ملی ڕەحم.