”ئافرەتان قوربانى یەکەمى ئەم جۆرە کارانەن”
بەختیار سەباح -زارى کرمانجى:
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: هەڵمەتێکی ورد و چڕ لەم رۆژانەدا دەستیپێکردووە بۆ داخستنی سەدان پێگەی فەیسبووک و ئینستاگرام و تەنانەت وێبسایتی سحر و جادو لە عێراقدا، کە ژنانیان بە پلەی یەکەمی کردووەتە ئامانج.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێکی زۆری خاوەن ئەم پێگە کۆمەڵایەتییانەى سحر و جادو دەکەونە پارێزگاکانی ( بەغدا، کەرکوک، دیالە و هەولێر ) لە چوار هەڵمەتی جیاوازدا چەندین پێگەی ئەلیکترۆنی و لاپەڕەی فەیسبووک داخراون، لەگەڵ ئەوەشدا لەرێگەی کەسانی شارەزاوە تواندراوە شوێنەکانی ئەو جادوگەرانە هەر لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن، هەڵمەتەکەش بەردەوامی دەبێت.
سەرچاوەکە ئەوەشی روونکردنەوە، ژنان قوربانی یەکەمی ئەم سحرو جادوانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، و بەشێکی زۆری پێگەکان وێنەی نەشیاوی ژنانی تێدا بووە، کە ناردوویانە بۆ جادووگەرەکان، بۆ هەر سحر و جادوێیک کە ئەنجامدەدرێت بڕی 300 تا 500 دۆلار وەردەگرن، ژنان لە بەشێکی زۆری حاڵەتەکاندا پارەیان لە پیاوەکانیان سەندووە بۆ ئەم جۆرە کارانە.