بەختیار سەباح- زارى کرمانجى:
کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەری بانکەکان، کە گرنگی بە متمانەی بانکی و پاراستنی سەرمایەی خەڵک لە بانکەکان دەدات، بە شێوەیەکی فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆژەی “هەژماری من” ڕاگەیاند.
کۆمپانیاکە نووسیویەتی: ”هەشت بانکە بەشداربووەکەی (هەژماری من) لەلایەن کۆمپانیاکەمان گرەنتی کراون.
لە ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دراوە: “هەشت بانک لە دەستپێشخەریی “هەژماری من” بەشدارن، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکرد، ئامانجی پڕۆژەکە مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرزکردنەوەو پەرەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستان و خێراکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی ئەلیکترۆنییە لە خزمەتگوزارییە حکومییەکاندا”.
تاکوو ئێستا هەشت بانکی فەرمی بەشدارییان لە پرۆژەی “هەژماری من” کردووە، کە بریتین لە: BBAC, TBI, BOB, IDB, RTB, NBI, Cihan Bank, IIB.
ئامانجی کۆمپانیای عێراقی بۆ دەستەبەرکردنی بانکەکان، بریتییە لە بەرزکردنەوەی متمانە بە کەرتی بانکی، بەدەستهێنانی سەقامگیری لە سیستەمی دارایی، چارەسەری کەڵەکەکردنی پارە و پشتیوانیی بانکەکان لە دۆخی مایەپووچبوون و پاراستنی پارەی خەڵک لە بانکەکاندا. فەرمانگەی میدیا و زانیاری وای بلاوکردۆوەتەوە.
پرۆژەی هەژماری من، سیستەمی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، کە کابینەی نۆیەم لە چوارچێوەی بەرنامەی بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بەڕێوەبردن پێی هەڵدەستێت؛ تاکوو ئێستا ٨ بانکی فەرمی و دانپێدانراوی عێراقی هاتوونەتە ناو پرۆژەکەوە و خەمڵێنراوە تاکوو کۆتایی ٢٠٢٤ بەشداربووانی بگاتە ملیۆنێک مووچەخۆر.

































































