شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێك، سەرنج دەخاتە سەر باشترین جۆرەكانی سەوزە و میوە بۆ دابەزاندنی كێش و ئاماژە بەوەش دەكات، سەوزە و میوەكان دەوڵەمەندن بە ماددەی خۆراكی بەسوود و گرنگ بۆ جەستەی مرۆڤ.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك و نەشتەرگەری گشتی، بە زاری كرمانجی راگەیاند” جگە لەوەی سەوزە و میوە سوودی تایبەتیان هەیە بۆ جەستە و دوای خواردنیان مرۆڤ هەست بە تێری دەكات، لە هەمان كاتیشدا بڕێكی زۆر كالۆریان تێدا نییە بۆیە زۆر گونجاون بۆ دابەزاندنی كێش و رێگری كردن لە قەڵەوی.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، ئاشكراشیكرد” خواردنی سەوزە و میوە لەگەڵ دانەوێڵە تەواوەكان وەك ئاردی بۆر، برنجی قاوەیی، پاقلەمەنییەكان، ماسی، شیرەمەنییەكان و گۆشتی بێ چەوری، بە سەلامەتترین رێگای زانستی دادەنرێن بۆ رزگار بوون لە كێشی زیادە و خۆپاراستن لە دووبارە قەڵەوبوونەوە، هەروەها ئەو كەسانەی رۆژانە بڕی زۆر سەوزە و میوە دەخۆن هەمیشە ئەگەری تووشبوونیان بە زۆربەی نەخۆشییەكان كەمترە وەك نەخۆشییەكانی دڵ، جەڵتە و شێرپەنجە.
گرنگترین سەوزە و میوەكان، كە یارمەتیدەرن بۆ دابەزاندنی كێشی زیادە، میوەكان وەك گریپ فرووت، سیندی، سێو، مزرە سێو، بلۆبێری، شلیك، تووتڕك ، قۆخ، هەڵوژە، گیلاس، هەرمێ، قەیسی و كێوی، سەوزەكانیش وەك سپێناخ، بڕۆكلی، قەڕنابیت، كەلەرم، كاهوو، كوزەڵە، قارچك، بازیلای سەوز و لۆبیا.
































































