کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران ئەنجامی کۆتایی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێرانی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئەنجامەکە لەکۆی ٣٠ ملیۆن و ٥٣٠ هەزار و ١٥٧ دەنگی جیاكراوە، مەسعود پزیشكیان ١٦,٣٨٤,٤٠٣ دەنگ و سەعید جەلیلی ١٣,٥٣٨,١٧٩ دەنگی بەدەستهێنا.
بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، مەسعود پزیشکیان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بوو بە نۆیەمین سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە.
لەراگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆندا ئاماژە بەوە کراوە “رێژەی بەشداریکردن لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێراندا بریتیی بووە لە ٦٩,٨%”.
کاتژمێر ١٢ی شەوی رابردوو دوای سێجار درێژکرنەوەی وادەکەی، خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران، کۆتاییهات.
بەیانی رۆژی ٥ـی تەمووزی ٢٠٢٤ بەکاتی تاران، خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران دەستیپێکرد، زیاتر لە ٦١ ملیۆن و ٤٥٢ هەزار هاوڵاتیی ئێرانی مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێران، لە خولی دووەمی هەڵبژاردن، کێبڕکییەکە لەنێوان مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان و سەعید جەلیلی، بەربژێری نەریتخوازان بەڕێوەچوو.