شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، ئاماژە بە حاڵەتی سەرئێشە دەكات دوای خواردن، هەروەها گرنگترین هۆكارەكان و چارەسەرییەكانیش دەخاتەڕوو.
د.كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” كەسانێك هەن كاتێك خواردن دەخۆن تووشی سەرئێشە دەبن، یاخود ئاماژە بە كۆمەڵێك خواردنی دیاریكراو دەكەن و دەڵێن” ئەگەر گۆشتی سوور بخۆی تووشی سەرئێشە دەبین و جاری واش هەیە گێژ دەبین”.
گرنگترین هۆكارەكانی سەرئێشە ئەمانەن:
1- دابەزینی ئاستی شەكرەی خوێن و شێوازی خواردنی ناتەندروست گرنگترین هۆكارن، ئاستی شەكرە لە ئەنجامی خووی هەڵە و ناتەندروست لە خواردن ڕوودەدات لەوانەش:
- خواردنی خۆراكی دەوڵەمەند بە كاربۆهێدراتی سادە، شەكری سپی و شیرینی .
- خواردنی چەند ژەمێكی زۆر لە ڕۆژێك دا و لە كاتە جیاواز و ناڕێكەكاندا تایبەت درەنگانی شەو .
- خواردنە زۆر چەورەكان.
هۆكارەكانی نەخۆشیش بریتین لەمانە:
-نەخۆشی شەكرە و قۆناغی پێش تووشبوون بە شەكرە . - بوونی شێرپەنجە لە كۆئەندامی هەرس .
- تێكچوونی هۆرمۆنەكان لە جەستەدا .
2-بوونی كێشە لە جومگەی لا شەویلگە ( TMJ ) : ئەو جومگەی خوار گوێچكە كە شەویلگەی خوارەوە بە كاسەی سەرەوە دەبەستێتەوە، هەر كێشەیەك لەو جومگەیەدا كاتی جوێنی خواردن ڕەنگە ببێتە هۆی سەرئێشە، هەندێك نیشانە هەن وەك كرتەكرت لەكاتی جوێنی خواردن، هەستكردن بە ناڕەحەتی كاتی دەم كردنەوە و داخستنی، هەبوونی ئازار لە شوێلگەی خوارەوە .
3- هەستیاری بە هەندێ خۆراكی دیاریكراو .
4-كاردانەوە بەرامبەر خواردن و خواردنەوەی سارد، دەبنە هۆی گرژبوونی خوێنبەرەكانی دەمارەكانی دەم و چاو .
شێوازەكانی چارەسەركردنی، كە ئەوانیش وازهێنان لە خوو و هەڵە ناتەندروستەكانی خواردنن وەك ئەمانەی خوارەوە:
-دوا خستنی ژەمی بەیانی بۆ كاتێكی درەنگ و خواردن لە درەنگانی شەو. - خواردنی بڕێكی زۆر لە خواردنە دەوڵەمەندەكان بە كاربوهێدارتی سادە بە سەریەكەوە و بە بەردەوامی .
- كەمكردنەوە یاخود نەخواردنی ساردەمەنی و خواردنەوەی سارد .
-سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بۆ دەستنیشانكردنی هۆكارەكەی و پێدانی ڕێنمایی و چارەسەری گونجاو .
































































