زاری کرمانجی:
سەرۆک بارزانی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی، لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی هەریەک لە وڵاتانی کوێت، قەتەر، میسر، بەحرێن، عومان، ئەردەن، ئیمارات و سعودیە کۆبووەوە بەگوێرەی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە: “بەپێی ئەو کەشە نوێیەی هاتووەتە ئاراوە دەکرێ کێشەکان چارەسەر بکرێن.”
کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی لە بەغدا بەردەوامە و لە دووەم رۆژی سەردانەکەیدا لەگەڵ هەریەک لە تاریق عەبدوڵڵا ئەلفەرەج، باڵیۆزی کوەیت لە عێراق، سوڵتان موبارەک ئەلکوبەیسی، باڵیۆزی قەتەر، ئەحمەد سەمیر حلمی، باڵیۆزی میسر، خالید ئەحمەد ئەلمەنسور، باڵیۆزی بەحرێن، شێخ مەحموود ئەلخروسی باڵیۆزی سەڵتەنەتی عومان، زێد ئەبوحسان، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەردەن، سەعید ئەلقەحتانی، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی سعودیە، محەممەد ساڵح ئەلتنیجی، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئیمارات کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا باسی باردوخی سیاسیی عێراق و هۆکار و پاڵنەرەکانی سەردانەکەی بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ شاندەکە خستەڕوو.
سەرۆک بارزانی بە شاندەکەی راگەیاند، کە ” کەشێکی ئەرێنی لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵوێستەکانیان هاتووەتە ئاراوە و دەکرێت لەسەر بنەمای ئەو کەشە نوێیە بگەینە ئەنجامی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی کۆسپ و تەنگژەکان.”
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە گوتوویەتی: “پێویستە ئەو بابەتە لە چوارچێوەی رێککەوتن و رێککەوتنێکی نیشتمانی و بە رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ناوچەکە بنەمایەکی بۆ دابنرێت.”
”لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی هیوای ئەوەیان خواست سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ببێتە مایەی خێر و سەقامگیری بۆ عێراق.” ئەمە بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی.
ئەو باڵیۆزانە لە کۆبوونەوەکە پشتیوانی وڵاتەکەیان بۆ پتەوبوونی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییانی عێراق و چارەسەربوونی گرفتە سیاسییەکانی عێراق دەربڕی.