زاری كرمانجی- سۆران :
دوای ئەوەی سەرۆك مەسعود بارزانی، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن بەرپرسانی باڵای سیاسی، حكومی و باڵیۆزی وڵاتانی زلهێزی جیهانی لە بەغدا كۆبووەوە، تەواوی كەناڵەكانی راگەیاندنی جیهانی، عەرەبی و ناوخۆیی عێراقی فیدراڵ سات بەساتی سەردانەی سەرۆك و كۆبوونەوەكانی دەگوازنەوە و بە بایەخەوە رۆماڵی هەواڵەكە دەكەن و كەسایەتییە سیاسی و ئەكادیمییەكانی جیهان لێدوان و بۆچوونی خۆیان ئەم سەردانەی سەرۆك دەخەنەڕوو.
ئەوەی زۆر بە زەقی لە زۆرینەی كەناڵەكان وەك هەواڵ و مانشێت و بابەتی سەرەكی باسی لێوەكراوە، پێشوازی تەواوی لایەنەكانی سیاسی و حكومی عێراقی فیدراڵە لەم سەردانەی سەرۆك.
هەروەها پێشوازی و پشتگیری كردنی وڵاتانی زڵهێزە جیهانییەكانە لە سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا.
كەناڵەكانی راگەیاندن لەسەر زاری شارەزایان بواری دیپلۆماسی گواستوویانەتەوە كە ” ئەم سەردانەی مەسعود بارزانی بۆ بەغدا، گرێ كوێرەی زۆرینەی كێشەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەكاتەوە و عێراق لە مەترسییە چاوەڕوانكراوەكان دوور دەخاتەوە “.
سەردانی سەرۆك بارزانی دوای شەش ساڵ بۆ بەغدا جێگەی ئومێدە، بە تایبەتی كە لە رۆژانی رابردوو، چەندین سەركردەی دیاری سیاسی عێراقی فیدراڵ ئاماژەیان بە ئەگەری كودتای سەربازی و جەنگێكی مەترسیداری ناوخۆییدا بوو. ئەمە لە هەندێك كەناڵەكانی ناوخۆیی و جیهانی بڵاو كراوەتەوە.