باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق : پشتیوانیی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی و بەغدا دەكەین
باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق : حەز بە باشتربوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دەكەین
باڵیۆزی چین : خۆشحاڵین بە دیاریكردنی كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان.
باڵیۆزی بەریتانیا: لە هەموو دۆخێكدا بە بایەخەوە سەیری هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەین
باڵیۆزی فەڕەنسا : بە بایەخەوە سەیری ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی دەكەین .
زاری كرمانجی – سۆران:
سەرۆك بارزانی لە چوارچێوەی سەردانی بۆ بەغدا، بە جیا پێشوازی لە ژمارەیەك باڵوێزی وڵاتان كرد، باردۆخی عێراق بە گشتی و ناوچەكە بە تایبەتی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 4-7-2024 لە شاری بەغدا سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا رۆمانسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆك مەسعود بارزانی روونیكردەوە ” دوای ئەوەی هەست بەوە كرا نیازپاكی هەیە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و پابەندبوون بە دەستوور و دروستبوونی كەشێكی ئەرێنی لە بەغدا و هەروەها بۆ باسكردنی ئەو بابەتانەی ڕەهەندی نیشتیمانی هەیە سەردانی بەغدای كردووە”.
سەرۆك بارزانی لە بارەی مانەوە هێزەكانی هاوپەیمانان لەعێراق ڕایگەیاند ” ئەمە پرسێكی نیشتیمانییە و پەیوەست نیە بە لایەنێك و دەبێ سەقامگیریی و بەرژەوەندییەكانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت”.
لەلای خۆشیەوە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ سەردانەكەی سەرۆك بارزانی و باشتربوونی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند و جەختی كردەوە هانی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیان و بەردەوامی و بەهێزكردنی دیالۆگی نێوانیان.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمیش باڵیۆزی ئەمەریكا پێشوازی لە دیاریكردنی كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانی كرد.
لە لایەكی دیكەشەوە سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز تسوی وی باڵیۆزی چین لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا تیشك خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و سەرۆك بارزانی هۆكارەكانی سەردانەكەی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراقی خستەڕوو و ڕایگەیاند كە نییەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەبیندرێت و بە دەرفەتێكی باشی لەقەڵەم دا بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان و ڕەچاوكردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكان.
باڵیۆزی چین پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ چارەسەربوونی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاگەیاند. هەروەها خۆشحاڵیی خۆشی بۆ دیاریكردنی كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان دەربڕی.
لە كۆبوونەوە گرینگەكانی دوێنیی سەرۆك بارزانی و بالوێزی وڵاتان لە شاری بەغدا پێشوازی كردنیان بوو لە ئیلبروس كوتراشیڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی هۆكار و پاڵنەرەكانی سەردانەكەی بۆ بەغدا و دیداری لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراق و بوونی نیەتی چارەسەركردنی كێشەكان بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
هەر لەو كۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق ڕایگەیاند وڵاتەكەی حەز بە سەقامگیریی عێراق و باشتربوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ دەكات.
پێشوازی كردن لە ستیڤن هیتچن باڵیۆزی بەریتانیا، لە عێراق كرد، بەشێكی دیكەی ئەجندای سەرادنی سەرۆك بارزانی بوو بۆ بەغدا.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان وعێراقی فیدڕاڵدا كە لە ساڵانی ڕابردوو بەردەوام بوونە و هۆكارەكانی سەردانەكەی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان شیكردەوە.
لە لای خۆشیەوە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ ڕاگەیاند و ئەویشی باس كرد ” بەریتانیا لە هەموو دۆخێكدا بە بایەخەوە سەیری عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات بە تایبەت لەبارەی بابەتە ئابوورییەكان و هەڕەشەی تیرۆر و دیاردەی كۆچ”.
جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال و هەڵبژاردنەكانی هەرێم و بابەتی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان و پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان چەند تەوەری تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون.
وێستگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەكانی سەرۆك بارزانی لە بەغدا، لەگەڵ پاتریك دوریل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق بوو.