زارى کرمانجى:
لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بۆ سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پێکهێنەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئێستا کرانەوەیەک لە کەشی سیاسیی عێراق هاتۆتە ئارا و دەکرێ دەرفەتێکی باش بێت بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا لەمەڕ ئاستەنگەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
سەرۆک بارزانی هێماشی بە مێژووی هاوبەشی لایەنەکان دا لە خەبات لە دژی دیکتاتۆریەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستوور و جەختی لەوە کردەوە کە دەستوور بنەمایەکی بەهێزە بۆ هەموو لایەک کە بەسەر کێشە و کۆسپەکاندا سەربکەوین.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسی و پرسی بوونی هێزی هاوپەیمانان بابەتی نەوت و میزانیە و ئیستحقاقات و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وردی بیروڕای لەسەر ئاڵوگۆڕ کرا.
هەروەها جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنی کابینەی محەمەد شیاع سوودانی کرایەوە کە دەرئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان لایەنەکان و بەپشتبەستن بە بنەما دەستوورییەکان پێکهێنراوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر دانانی میکانیزمێکی هاوبەشی نێوان هەردوولا درا بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە ڕابردوودا هەبوون، هەروەها چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە لە داهاتوودا دێنە ئاراوە.