مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ماراسۆنێكی ڕاكردن بە بەشداری هەزار منداڵ لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوە دەچێت و سەرۆكی ڕێكخراوی ئەربیل ماراسۆن دەڵێ “ئامانجمان لەم چالاكییە دڵخۆشكردنی منداڵانە.”
ڕێكخراوی ئەربیل ماراسۆن ساڵانە ماراسۆنی كراوە بۆ چین و توێژە جیاوازەكان دەكاتەوە و دەستپێكی چالاكی ئەمساڵ ڕێكخستنی ڕاكردنی بە كۆمەڵە بۆ هەزار منداڵ، عەبدولستار یوونس سەرۆكی ڕێكخراوی ناوبراو ڕاگەیاند “هەزار منداڵی تەمەن 6 بۆ 13 ساڵان، بەشداری لەو ماراسۆنە دەكەن كە وا بڕیارە كاتژمێر 6ـى ئێوارەی ڕۆژی شەممە 6ـى تەممووز لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان بەڕێوە بچێت،”
عەبدولستار ئاماژە بەوەش دەدات كە لە ئێستادا ناونووسین دەستی پێكردووە و تا ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت، هەر منداڵێك ئارەزووی بەشداری كردنی هەیە دەتوانێت پەیوەندی بەو ژمارەیە بكات 07507770578 بۆ ئەوەی ناوی خۆی تۆمار بكات و سەردانی بنكەی تایبەت بە ناونووسین بكات لە ناو هەمان پارك بۆ وەرگرتنی تیشێرت و ژمارەی بەشداریكردن.