زاری كرمانجی:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هۆشدارینامەیەكی ئاراستەی هاووڵاتییانی كردووە و داوایان لێ دەكات سەردانی 19 وڵات نەكەن، عێراقیش یەكێكە لە وڵاتەكان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا هۆشداری داوەتە هاووڵاتییەكانی كە خۆیان لە گەشتكردن بۆ 19 وڵات بپارێزن كە شەش وڵاتیان عەرەبین و عێراقیش یەكێكە لە وڵاتەكان.
بەگوێرەی ئەو لیستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڵاویكردەوە بەهۆی هەبوونی هەڕەشە و مەترسی تیرۆر، ڕفاندن و مەترسی لەسەر ژیانیان هاووڵاتییانی ئەمەریكا نابێت سەردانی عێراق، لیبیا، سووریا، سۆماڵ، یەمەن و سوودان بكەن.
هەر لە لیستەكە، وەزارەتی دەرەوە هۆشداری داوەتە هاووڵاتییانی و ئاگاداریان دەكاتەوە كە سەردانی ئێران، بیلاڕووس، رووسیا، ئەفغانستان، كۆریای باكوور، ئۆكرانیا و ڤەنزوێلاش نەكەن.
بەهۆی درێژە كێشانی شەڕی غەززە و هەڕەشەكانی لەشكركێشی ئیسرائیل بۆ باشووری لوبنان هێندەی دیكە ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەترسیدارتر كردووە و دوو ڕۆژی ڕابردوو بەرەی مقاوەمەی بەناو ئیسلامی، لە عێراق هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی هێرشەكانی بۆ سەر هێزەكانی ئەمەریكا و بەرژوەندییەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق ڕاگەیاند.
بەرەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردووتەوە، لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنانی، هێرشەكانیان ڕاستەوخۆ بۆ سەر بنكە، سەربازەگە و بەرژوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەست پێ دەكەنەوە، ئەمەش هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی ئەمەریكا ئەگەر گەشتی عێراق بكەن.