زاری كرمانجی – سیدەكان :
قائیمقامی قەزای سیدەكان، ڕایدەگەینێت، ئەو شوێنانەی كە مەترسین ئاگاداری رەوەند و كۆچەری و هەنگەوان و كاسبكارانمان كردۆتەوە كە بە هیچ شێوەیەك رووی تێمەكەن، چوونیشیان لەسەر بەرپرسیارەتی خۆیە، چونكە دەكەونە دەرەوەی بازگەی ئەمنی و شوێنەكە بە نائارام و مەترسیدار دادەندرێن .
ئیحسان چەلەبی، قائیمقامی سیدەكان، دەڵێت:” لە كۆی 1617 كیلۆمەتر چوارگۆشە رووبەری جوگرافیای قەزای سیدەكان، 46%ی لە ژێر كۆنتڕۆڵی ئێمەدا نەماوە، ئەمەش بەهۆی هاتنی هێزەكانی توركیایە بە درێژای 30 كیلۆمەتر و شەڕ و پێكدادانەكانیان لەگەڵ چەكدارانی پەكەكە، ئەمەش نائارامی زۆری دروست كردووە. ماوەی چەندین ساڵە، توركیا لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە ناكۆكی سیاسیان هەیە، بەهۆی شەڕی نێوانیان لە دەڤەری برادۆست و قەزای سیدەكان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەیان هاووڵاتیی شەهید و بریندار بوونە و زیاتر لە 100 گوندی ناوچەكەش چۆڵكراون .
كوێستانەكانی برادۆستیش، پێكهاتوون لە كێڵەشین، مێرگەمیر، مێرگەدوكان، هۆڕنە، بڕەشكین، بێرمەسارد، بەربزین، سەقەر و میرەكین، ئەمانە و چەندین كوێستان و لەوەڕگای دەڤەرەكەن، خەڵك بە مەبەستی كاری ئاژەڵداری و هەنگەوانی و كشتووكاڵی رووی تێدەكات .