” ئەو کەسەى دەستگیرکراوە خۆى بە شێخ ناساندووە”.
زارى کرمانجى-خەلیفان:
بەشی ئاسایشی قەزای خەلیفان، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران، جادووگەرێکى دەستگیرکرد، کەسەکە خەڵکى وڵاتى ئێرانەو خۆى بە شێخ ناساندووە.
سەرچاوەیەک لە بەشى ئاسایشى خەلیفان بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” لە ڕۆژى 30ى حوزەیرانى 2024، لە کاتژمێر ٩ى شەو، لەلایەن بەشی ئاسایشی قەزای خەلیفان کەسێک دەستگیرکرا، کە خەڵکی وڵاتی ئێرانەو نزیکەی ٢٠ ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەژیت، ئەم کەسە خۆی بە شێخ ناساندوەو لە ڕێگەی دوعاکردنەوە، چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان، جەڵتەی دڵ، مێشک، گەدە، گورچیلەو هۆڕمۆنی جەستە دەکات، بە تایبەتی درێژکردنی باڵا”.
ئاماژەى بەوەشکرد، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، دەرکەوت کەسێکی جادووگەرەو لە ڕێگەی فێڵکردنەوە پارەی لە خەڵک وەرگرتووە بەناوی چارەسەرکردنی نەخۆشیە دەروونییەکان، پەیوەندی نزیکی لەگەڵ چەندین ئافرەت دروستکردووەو چەندین وێنەى ئافرەتان لەناو مۆبایلەکەى هەبووە”.
ئەو سەرچاوەیە پتر روونیکردەوە، ئەو کەسە بڕی ٥٠٠ دۆلارى لە چەندین کەس وەرگرتووە، بۆ درێژکردنی باڵایان، لە ئێستەدا تۆمەتبار (ح.ڕ.د) بەپێی مادەی ٤٥٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەى لەگەڵ دەکرێت.
بەشى ئاسایشى قەزاى خەلیفان، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لە هەر شوێنێک ئەم جۆرە کەسانەیان بینی، ئاگادارمان بکەنەوە، چونکە کارەکەیان هیچ بنەمایەکی نییە.