ئ.ئاڤان قاسم
بەخوێندنەوەی بەرھەمێکی ئەدەبی چی؟ فێردەبیت!
جیھانی ئەدەبی ئاشنای چەندین ئەزموونی ڕەنگا وڕەنگ و کارێزماییەکانی ناو چیرۆکەکانمان دەکات.
ئەخلاق: چوارچێوەی بیر و ڕەفتار هەڵسوکەوتی مرۆڤەکانە لە کۆمەڵگەدا لەگەڵ یەکتری. لەم چوار چێوەیەدا سنووری راست و ناڕاست و باش و خراپ دیاریدەکرێ.
کەواتە هەر کۆمەلگەیەک سنوورێکی دیاریکراوی ئەخلاقی تایبەت بە خۆی هەیە، کە لەسەر بنەمای ئەو سنوورانە بابەتەکان هەڵدەسەنگێنێ.
ئەدەب: گوزارشتکردنە لەسەر ژیان، یاخود لەسەر بەشێکی بەشێوەیەکی جوان و ڕازاوە.
ئەدەب «بەرلەوەی تێكستێكی نووسراو و ئامادەكراو بێت، گواستنەوەی ڕووداو و چیرۆکەكانی ژیانی مرۆڤە بە شێوەی سەر زارەكی و دەماودەمەوە! ڕاستە ژیانی مۆدێرنە مانا جیاوازەكانی ئەدەب و ئەركە سەرەكییەكانی ئەدەبی گۆڕی! داهێنانی نووسین و پیتی چاپ و كاغەز و چاپخانە و شۆڕشی زانیاری و تەكنەلۆژی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پایەكانی ئەدەبیان دەستكاری كرد و بونیادێكی تریان بۆ بەرهەم هێنا، بەڵام هێشتا ئەدەب وەك گێڕانەوە و دەربڕین و پەیوەندیكردن بە ئەوانی ترەوە شوناسی خۆی لەدەست نەداوە و زیندووە! (پەیڕەو ئەنوەر)
ئەخلاق چۆن؟ خۆی دەخزێنیتە ناو ئەدەبەوە!
سەرەتا دەبێت بۆ وەلامی ئەم پرسیارە، سەیری (ئەزموونی ئەدەبیات، بەرهەمی ئەدەب)ی بکەین بەدرێژایی مێژوو،
چونکە بەسەرنج خستنە سەر بەرهەمی ئەدەبی، «ئەدەبیات پەند و ئامۆژگاری فێری مرۆڤ دەکات، ئەدەبیات نموونەگەلی بەرجەستە لەو تایبەتمەندییانەمان نیشان دەدا، کە پەێرەویان لێدەکەین وزۆر شتیشمان پێدەڵێ، کە دەبێ لێیان دوورکەوتنەوە.»(گراهام هوف ١٣٦٥.س٣٨)
کەواتە ئەدەبیات دەمارێکی پەروەردەی تێدایە.
«هەندیک بەهای ئەخلاقییان بە پێوانەی رەخنە داناوە، هەر شیعر و وتەیەک، کە لەگەڵ حیکمەت و ئەخلاقدا بێتەوە، پەسەندی دەکەن و پێبدا هەڵدەڵێن و هەرچیش بە پێچەوانەی ئەخلاق و حیکمەت بێت ڕەتی دەکەنەوە»(عبدالحسین زرین کوب، ٣٨،١٣٨٩)
کەواتە ئەدەبیات گشت ئەو ئەزموونانەی کە کەسێک لە چێرۆکی ژیانی خۆی دا پێدا تێدەپەڕێت لەخۆ دەگرێت، ئەمەش وادەکات بەرچاو ڕوونێکی زیاتر بدات بە کەسی خوێنەر وبینەر وبیسەر، لە ڕێگای پەند و ئامۆژگارییەکانەوە، ئەزموونی زۆر جۆراو جۆر و هەرواز ونشێوەکانی ژیان بە ھەموو ڕەنگەکانیەوە نشاندەدات و مرۆڤ فێردەکات، لەگەڵیشی ئەزموونمان زیاد دەکات، کاتێک شێتکمان پێدەلێت واتای ئەو نییە ڕاست و دروست و بێ کەموکورتی بێت، بەڵکۆ مەبەستییەتی ئەزموونمان زیادبکات لە ڕێگای گێڕانەوەی ئەو ئەزموونانەی ژیان بەپێی سەردەم و قۆناغەکانی ژیان، کەواتە بەدڵنیایەکی زۆرەوە دەتوانین بڵێین ئەدەبیات ئەزموونی ئەخلاقی فراوان دەکات.