زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دوو پرۆژەی بە گوژمەی زیاتر لە یەک ملیار دینار ڕاگەیاند و گوتی: مەسروور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕێنمایمانی کردووە بۆ هەموو ئەو پرسە گرنگانەی لە کۆمەڵگەدا هەیە، ئەوەی لەتواناماندا بێت، بیکەین.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “سەربەرزین کە لەخزمەت پەروەردە بەردەوامین، کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بووە”.
ئاماژەی بەوەش دا، “بەردەوام لەلایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی بۆردی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕێنمایی کراوین و بۆ هەموو ئەو پرسە گرنگانەی لە کۆمەڵگەدا هەیە، ئەوەی لەتواناماندا بێت، بیکەین، بەتایبەت بابەتی پەروەردە و خزمەتکردنی منداڵان بە گشتی و منداڵانی شەهید و ئاوەرە و پەنابەر بە تایبەتی”.
گوتیشی: ئێمە توانیومانە پردێکی بەهێز بین لەنێوان وڵاتە هاریکارییبەخشەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەسایەتییەکانی کوردستان و هەموو ئەولایەنانە، بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە کە پڕۆژەی گرنگمان لە گەڵیاندا هەبووە.
باسی لەوەش کرد، لە کابینەی نۆیەم، پڕۆژەی گەورە و بچووکمان هەبووە کە بە هەشت ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ڕێگای هاوبەشەکانیەوە بۆ بواری نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن و هاندانی قوتابیان لە خزمەت هاووڵاتیانی کوردستان و ئاوارە و پەنابەران دابووین.
موسا ئەحمەد، دوو پڕۆژەی نوێی ڕاگەیاند، کە پڕۆژەی یەکەم سیستەمی سۆلەر، وەکو تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەو قوتابخانانە.. ئێمە هەوڵمان داوە ئەرکی حکوومەت سووک ببێت، ئەویش بەدابین کردنی 60 ئەمپێر کارەبا بۆ هەر قوتابخانەیەک، هەروەها 20 ملیۆن دینار بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کراوە، وە 10 قوتابخانەش سوودمەند دەبن لەو پرۆژەیە.
ڕاشیگەیاند، پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، کە ئەمساڵ هەوڵمان داوە بۆ نەۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان بڕی 18 ملیۆن و 480 هەزار دینار بۆ هەر قوتابخانەیەک تەرخان بکەین، تێکڕای هەردوو پرۆژەکە بریتییە، لە یەک ملیار و 211 ملیۆن و 280 هەزار دینار.
لەلایەکی دیکەوە ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: دەزگای خێرخوازی بارزانی بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار دینار هاوکاری کەرتی پەروەردەی کردووە، لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و دروستکردنی ژووری زیادە، ئەوانەش دەستبارێکی باشی وەزارەتی پەروەردە بوون.
گوتیشی: لەوکاتانەی تەنگژەی کۆرۆنا هەبوون و دواتریش لێکەوتەکانی لە تەنگژەی ئابووری، دەزگای خێرخوازی بارزانی یەکەمین دەزگا بووە، هەماهەنگی وەزارەتی پەروەردە بووە کە پرۆسەی خوێندن سەرپێ بکەوێتەوە.
ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەش دا، دووساڵ لەمەوبەر، 201 قوتابخانە بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار نۆژەنکرانەوە و کە بەشێک لە قوتابخانەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووە، ساڵی پاریش دەزگای خێرخوازی بارزانی گرفتێکی وەزارەتی پەروەردەی چارەسەر کرد ئەویش قوتابخانەکانی سێ دەوامی بوون.
دەشڵێ: لەو کابینەیە توانیومانە بەهاوکاری دەزگای خێرخوازی بارزانی و ئەوەشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردومانە، ژمارەی قوتابخانە سێ دەوامییەکان لە 139 قوتابخانەوە دابەزێنینە 11 قوتابخانە. ئەمڕۆ ئەو یاداشتەی لێکتێگەیشتنە بۆ نۆژەنکردنەوەی 50 قوتابخانەیە.