زاری کرمانجی – سۆران :
ئافرەتێکی دانیشتووی ئیدارەی سۆران لەلایەن کوڕە تەمەن پازدە ساڵانەکەی و ماڵی خەزووری ئەشکەنجە دەدرێت.
سۆزان خورشید ی تەمەن 38 ساڵ، دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکەکانی قەزای ناوەندی سۆرانە، وەکوو خۆی بۆ زاری کرمانجی باسی دەکات لەلایەن کوڕەکەی و بە هاندانی ماڵە خەزووری هەمیشە تووشی کێشە و گرفت بووەتەوە، دواجار بە شێوازێکی زۆر درندانە لەلایەن کوڕەکەیەوە ئەشکەنجە دراوە، سۆزان باس لە ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت:” دوو جار هاوسەرگیریم کردووە، لە هاوسەری یەکەمم خاوەن پێنج منداڵم و هاوسەرەکەم لە ژیان نەماوە و دوو ساڵ پاش مردنی دووبارە هاوسەرگیریم کرد، بەڵام بەر لەوەی هاوسەرگیری بکەمەوە، سەرەتا ڕوخسەتم لە ماڵی خەزوورم وەرگرت و ئەوان هیچ کێشەیان نەبوو، دوای هاوسەرگیرییەکە کێشەیان بۆ دروست کردم”.
زیاتر قسە دەکات و دەڵێ:” ئەوان کوڕەکەی منیان دژ بە خۆم هان دەدەن و هەمیشە سووکایەتیم پێ دەکەن و ئەشکەنجەم دەدەن، کوڕەکەشم لە تەمەنێکی هەستیارە و بە قسەی ئەوان هەڵدەخەڵەتێت”،
بە گریانەوە ئەوەش دەڵێ:” هیچ ڕێگە چارەیەکم نەماوە، پەنام بۆ هەموو بنکەکانی پۆلیس بردووە و سکاڵام تۆمار کردووە، هیوادارم وەڵامی من بدەنەوە و بێ ئومێدم نەکەن، بۆ ئەوەی چیتر مافەم پێشێل نەکرێت”.