زارى کرمانجى-سۆران:
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ” بە هاوکارى هەموو لایەک تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە بە باشی بەڕێوە دەچن”. هەروەها، سەرۆکی حکوومەت، پاڵپشتی دارایی بۆ 810 قوتابی شنگال دابین کردووە کە لە دهۆک تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێم، ئەمڕۆ یەکشەممە 30ى حوزەیرانى 2024، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا گووتى: ”سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتی دارایی بۆ 810 قوتابی شنگال دابین کردووە، کە لە دهۆک تاقیکردنەوەکان دەکەن، پێش ئەو کابینەیە ئەو پاڵپشتییە نەبووە، هەروەها لە سەردەمی کۆرۆنا شوێنی مانەوەو حەوانەوەیان بۆ دابین دەکرا، هەروەها سەرۆکی حکوومەت بڕیاری داوە ئەمڕۆ یان سبەی پارەکە دەگاتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک، ئەوانیش رێکارەکانی خۆیان دەگرنە بەر”.