مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەندامێكی لیژنەكانی هێزە چەكدارەكان و كاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بە خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران تۆمەتبار دەكات.
مایك واڵتز، نوێنەری پارتی كۆمارییەكان و ئەندامی لیژنەكانی هێزە چەكدارەكان و كاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا، ڕەشنووسی پرۆژەیاسایەكی پێشكەش كردووە لەسەر ئەو كەسانەی كە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئێران كار دەكەن و، ناوی فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق یش یەكێكە لەو ناوانەی كە لە لیستەكەدا هاتووە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێكدا لێدوانەكانی واڵتز دژی سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری وڵاتەكەی، بە دەستوەردانێكی ئاشكرا لە كاروباری عێراق ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت كە پێویستە سنوورێك بۆ ئەمە دابنرێت.
هاوكات موحسین مەندەلاوی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەكالەت دەڵێت، “پرۆژەكەی واڵتز كاریگەریی لەسەر سەرۆكی دادوەری هەیە و پێشینەیەكی مەترسیدارە.”