زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووتەوە، لیستی مووچەی مانگی حوزەیران ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە، دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکان، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، 27ی حوزەیرانی 2024، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشارستانی و سەربازییەوە ئامادەکرا و ڕەوانەی بەغداد کرا.
هەروەها ئاماژەی داوە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە 29ی حوزەیرانی 2024، سەرجەم لیستەکان لەلایەن تیمی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی کراوە بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.