مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئێران، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، بەپێی ئەنجامەكە هەڵبژاردن دەچێتە خولی دووەم، لەبەر ئەوەی هیچ كام لە كاندیدەكان دەنگی زۆرینەی ڕەهایان بە دەست نەهێناوە.
ئەمڕۆ شەممە 29ـی حوزەیرانی 2024، ئاژانسی میهر نیوز لەسەر زاری موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی ئێران بڵاوی كردەوە” لە كۆی 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 دەنگ، مەسعوود پزشكیان 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگ و سەعید جەلیلی 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگیان بەدەستهێناوە.”
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئێران، كاندیدانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەبێت 50+1ی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەدەست بهێنێت، بەڵام هیچ كام لە كاندیدان نەیتوانی لە قۆناخی یەكەمی هەڵبژاردن، دەنگی زۆرینە بەدەست بهێنن، بۆیە كاندیدی یەكەم و دووەم دەمێننەوە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن و هەینی داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.