زاری كرمانجی-سۆران:
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، ئاشكرای دەكات، بڕیاری قەدەخەكردنی چەكی بێ مۆڵەت و داخستنی بازاڕی چەك فرۆشان كاریگەر بووە لەسەر كەمكردنەوەی رێژەی تاوان لە ئیدارەی سۆران.
مقەدەم شەماڵ دێواری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” دوای بڕیاری قەدەخەكردنی چەكی بێ مۆڵەت و داخستنی شوێنی چەك فرۆشان، تائێستا هەڵمەتەكە بەردەوامی هەیە لە سنووری هەرچوار قەزاكانی ئیدارەی سۆران، دەستیش بەسەر برێكی زۆری ئەو جۆرە چەك و كەرستانە داگیراوە كە قەدەخە كراون”.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران، ئاشكراشی دەكات: ” بڕیاری قەدەخەكردنی چەكی بێ مۆڵەت و داخستنی ئەو شوێنانەی ماڵەی كڕین و فرۆشتنی چەكیان لێدەكرا، لە شارو شارۆچكەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كاریگەری زۆری هەبووە لەسەر نەهێشتن و كەمكردنەوەی رێژەی تاوانەكان لە سنوورەكەمان بە بەراورد بە پێشووتر”.
سەبارەت بەو شوێنانەش كە كەل و پەلی سەربازیان مامەڵەی پێوەدەكرێت، ئاماژەی بەوەدا: ” جگەلە فرۆشتنی جل و بەرگ و هەندێ پێداویستی دیكە، رێگە بە هیچ كەسێك نادرێت چەك یان ئەو كەرستانەی سەربازی كە قەدەخەكراون، كڕین و فرۆشتینان پێوەبكرێت”.