زاری كرمانجی-سۆران:
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: حەوتسەت کۆمپانیای گەشتیاری ھەن و سێ ھەزار و ٥٠٠ دەرچووش فۆڕمی بوون بە ڕێبەری گەشتیارییان پێشکەش کردووە.
ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: کار بۆ دامەزراندنی دەرچووانی گەشتوگوزار دەکرێت، لە قۆناغی یەکەمدا سیڤی وەرگیراوە و سێ ھەزار و ٥٠٠ دەرچوو بە مەبەستی بوون بە ڕێبەری گەشتیاریی داواکارییان پێشکەش کردووە، بەڵام ھەندێ مەرج پێویستە بۆ ئەوەی دەرچووەکان ببنە ڕێبەری گەشتیاری، دوای پێداچوونەوەش خولی ڕاھێنانیان بۆ دەکرێتەوە.
گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزار دەڵێت: لە سلێمانی خولی پێگەیاندن بۆ هەندێکیان کراوەتەوە، بڕیارە لە ھەموو پارێزگا و شوێنەکانی دیکەش خولی ڕاھێنانیان بۆ بکرێتەوە، چونکە ھەندێ مەرج ھەیە پێویستە لەو کەسانەدا ھەبێت کە دەبنە ڕێبەری گەشتیاری، لەوانەش زانینی زمانی دیکە.
ئیبراھیم عەبدولمەجید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەو ڕێبەرانە دوای بینینی خولی ڕاھێنان، دەتوانن سەربەخۆ وەک ڕێبەری گەشتیاری کار بکەن و فەرمانی کارگێڕییان بۆ دەردەکرێت، بەشێکی دیکەیشیان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان کار دەکەن، لە ھەرێمی کوردستان حەوتسەد کۆمپانیای بواری گەشتیاری ھەن .. پێویستە ھەر کۆمپانیایەک ڕێبەرێکی گەشتیاری دابمەزرێنێت.