زاری كرمانجی-سۆران:
شارەزایەكی كەشناسی، گوتی: لە مانگی حەوت شەپۆلێكی گەرمای بەتین ڕوو لە ناوچە جیاوازەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات كە بە گەرمای هیندی ناسراوە، بۆ ئەوانەی نەخۆشیی هەستیاری پێست و ڕەبۆ (تەنگەنەفەسی)یان هەیە مەترسیدارە، لەوانەیە بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە حاڵەتی مردن تۆمار بكرێت هاوشێوەی وڵاتانی دنیا.
هەڤاڵ گەڵۆزی، شارەزای كەشناسی، ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی نۆ تا 14ـی تەمووز بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەكی گەرمی شێدار لە زەریای هیندی و بڕێكی زۆری شێ، لە ناوچەكانی نیمچەدوورگەی عەرەبی و دەریای عەرەبی، شەپۆلێكی گەرمای زۆر بەهێز و پرووكێنەر، سەرانسەری ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەگرێتەوە، پلەكانی گەرما ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار دەكات، لە هەندێ ناوچەی باشووری عێراق پێشبینی دەكرێت پلەكانی گەرما بگاتە نێوان 52 تا 54 پلە.
بە گوتەی ئەو كەشناسە لە هەندێ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت ناوچەكانی باشووری رۆژهەڵاتی هەرێمی كوردستان، گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و سۆران و هەولێر كە كاریگەری گەرمای هیندی بەسەر ئەو ناوچانە زیاتر دەبێت، پلەكانی گەرما لەو ناوچانە بەهۆی بەرزیی شێ ڕێژەیی پلەی گەرما (45-48)ی سیلیزی بێت.