شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی ئێسك، دەڵێت” دەرچوونی حەوزی منداڵ یەكێكە لەو حاڵەتانەی كە لە وڵاتانی دەرەوە زۆر كەم بۆتەوە بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەم جاڵەتە هێشتا زۆرە.
د. بڕوا دلشاد، پزیشكی پسپۆڕی ئێسك و شكان و دەرچوونی حەوزی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” حاڵەتی دەرچوونی حەوزی منداڵان، تا ئێستاش لەنێو هەرێمی كوردستان، بڵاوە، بەڵام لە وڵاتانی پێشكەوتوو زۆر دەگمەن بووە تەنانەت دەتوانین بڵێین هەر نەماوە، حاڵەتەكەش بریتییە لە دەرچوونی ئێسكی ران لە شوێنی سروشتی خۆی لەناو حەوز، كە شوێنەكەی گۆڕاوە و لەسەرەوە شوێنێكی دیكەی بۆ خۆ دروست كردووە، هەروەها دەرچوونی حەوز زیاتر لەو منداڵانەدا باوە كە رەگەزی مێینەن، نۆبەرە، ئەوانەی كەسێكی نزیكی تووشی بووە و یاخود بەستنەوەی كۆرپە بە قۆنداخ.
ئەم پزیشكە ئاشكراشیكرد” ئەم حاڵەتە بۆیە لە وڵاتانی پێشكەوتوو نەماوە، كاتێك كۆرپە لە دایك دەبێت چەند هەفتەی یەكەم سۆنەری حەوزی بۆ دەكەن، ئەگەر دەركەوت منداڵەكە تووشبووی ئەم حاڵەتەیە ئەوا بە بەستنی قایش یاخود گەچ چارەسەری بۆ دەكرێت، ئەگەر تەمەنی گەورە بوو ئەوا نەشتەرگەری گۆڕینی جومگەی بۆ ئەنجام دەدرێت، ئەمەیان ئاڵۆزە و هەندێكجار پێویست بە شكانی ئێسك كورتكردنەوەی دەكات.