شیتاڵ عەبدولعەزیز
بەشێوەیەكی گشتی دڵەراوكێی تاقیكردنەوە دەرئەنجامی هۆكاری ژینگەیی و گفتگۆ نەرێنیەكان وهەروەها لاوازی متمانە بەخۆ بوونە سەبارەت بە بەهرە و توانای فێربوون، ئەمەش دەبێتە هۆی نەبوونی سەرنجدان و سەرلێشێواوی دەروونی و هەڵسەنگاندنی هەڵە و كاردانەوەی جەستەیی ناخۆش و شكستی ئەكادیمی خوێندكارەكە.
دروستبوونی دڵەراوكێ تاقیكردنەوە پەیوەستە بەم سێ هۆكارەی خوارەوە كە بریتیین لە:-
١- هۆكاری تاكە كەسی.
٢- هۆكاری خێزانی.
٣ – هۆكاری پەیوەندیدار بە قوتابخانەوە.
( هۆكاری تاكە كەسی )
بیركردنەوەی نەرێنی قوتابیان سەبارەت بە تواناكانی خۆیان (ناتوانم نمرەی باش بەدەست
بهێنم. كەسێكی بێ بەهرەم،هەموو شتێك لەبیر دەكەم و هتد).
ئەزموونەكانی پێشووی كەسەكە لە تاقیكردنەوەدا (سەركەوتن یان شكستهێنان).
چاوەڕوانی خوێندكار لە خۆی (دەبێت هەمیشە بەرزترین نمرە بەدەست بهێنم).
نەبوونی متمانە بەخۆبوون و كەمی متمانە بەخۆبوونی قوتابیان.
شێوازی خوێندنی هەڵە.
نەخەوتنی پێویست و خۆراكی ناتەندروست.
( هۆكاری خێزانی )
بیركردنەوەی نەرێنی سەبارەت بە توانای منداڵەكان لە لایەن دایك و باوكەوە. ئەم بابەتەش دەبێتە هۆی دابەزینی متمانەی منداڵ بەخۆی و لە ئەنجامدا دڵەڕاوكێ بەر لە دانیشتنی تاقیكردنەوەكە دروست دەبێت، هەروەها بە یەكێك لە هۆكارە گرنگەكان دادەنرێت بۆ ئەوەی خوێندكار ئەنجامی باش لە تاقیكردنەوە بەدەست نەهێنێت.
( هۆكارەكانی پەیوەست بە قوتابخانە )
سەرسەختی زیاد لە پێویست لەلایەن مامۆستاكانیان.
باروودۆخی نەگونجاوی قوتابخانە لەهەموو ڕوویەكەوە لە پێداویستیە سەرتاییەكانەوە بگرە تا دواتر.
پێویستە چی بكەین بۆ زاڵبوون بەسەر دڵەراوكێی تاقیكردنەوەكان؟
پێویستە ئێوەی قوتابی بە پلاندانان
دەست بە خوێندن بكەن،واتا بابەتەكە دابەش بكە بۆ چەند بەشێك. ئەو بابەتەی كە بە باشی فێری بوویت جیا بكەرەوە لەو بابەتەی كە پێویستە زیاتر خۆتی بۆ ماندوو بكەیت. سەرەتا ئەو بەشانە بخوێنەرەوە كە پێویستیان بە خوێندنی زیاترە، چونكە لە سەرەتای خوێندندا هێز و وزەی زیاترت هەیە و دەتوانیت باشتر فێری باباتەكە بیت. پاشان پێداچوونەوە بەو بابەتانە بكە كە باش دەیانزانیت. بۆ ئەوەی لە شڵەژاوی تاقیكردنەوەكان دوور بكەویتەوە، پێویستە لە سەرەتای ساڵی خوێندنەوە،پڵانێكی ڕێكوپێكت هەبێت. هەموو ڕۆژێك لە هەمان ڕۆژدا وانەكە بخوێنەوە. ئەركەكانی ماڵەوە و ڕاهێنانەكان بە باشترین شێوە ئەنجام بدە. ئەركی ماڵەوەی تەواو نەكراوت نەبێت. ئەنجامدانی ئەركەكانی ماڵەوە جۆرێكە لە هەڵسەنگاندن كە یارمەتیت دەدات بزانیت چەند لە بابەتەكە فێربوویت، دەبێت پێش شەوی تاقیكردنەوە فێری بابەتەكان بیت. شەوی تاقیكردنەوە تەنها بۆ پێداچوونەوە بە بابەتەكانە.
ئەو ژینگەیەی هەڵی دەبژێریت پێویستە ئارام بێت و دوور بێت لە هۆكارە تێكدەرەكان. لە كۆتاییدا دەتوانیت خۆت تاقی بكەیتەوە بۆ ئەمەش دەتوانیت لە ڕاهێنانەكان یان تاقیكردنەوەكانی مامۆستاكەت، چەند پرسیارێك لەسەر لاپەرەیەك بنووسیت و وەڵامیان بدەیتەوە.فێربوون لە دووبارەكردنەوە و پراكتیزە كردنەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر دەتەوێت بابەتەكە بە باشی فێر بیت، پێویستە چەند جارێك وانەكە بخوێنیتەوە و ڕاهێنان بكەیت.
بۆ ئەوەی ناوەڕۆكەكان لە یادەوەری كورتخایەنتەوە بچێتە یادەوەری درێژخایەنتەوە، پێویستە بە وردبینی و گرنگیدان و دووبارەكردنەوەی ناوەڕۆكەكان ئەم كارە بكەیت.
هە بوونی گفتوگۆیەكی ناوەكی نەرێنی لە كاتی تاقیكردنەوەدا هۆكارێكە بۆ دڵەڕاوكێ لە تاقیكردنەوەكەدا، واتە كاتێك خوێندكار دەست دەكات بە تاوانباركردنی خۆی یان ترساندنی خۆی لە ئەنجامی تاقیكردنەوەكە. بۆیە پێویستە كاتێك كە دانیشتوویت لە هۆڵی تاقیكردنەوەكە ، گفتوگۆیەكی ناوخۆیی ئەرێنی لەگەڵ خۆتدا هەبێت. بۆ نموونە بڵێ كە من هەموو هەوڵێكم داوە و دڵنیام كە دەتوانم نمرەی باش بەدەست بهێنم. چەند هەناسەیەكی قووڵ هەڵمژە بۆ كەمكردنەوەی دڵەراوكێ. وەڵامی پرسیارەكان بە ڕێكوپێكی بدەرەوە ئەگەر وەڵامی پرسیارێكت نەزانی، ئەوا بەجێی بهێڵە و لە كۆتاییدا وەڵامی ئەو پرسیارە بدەرەوە. سوود لە هێزە ڕۆحییەكان وەربگرە بۆ دۆزینەوەی ئارامی. ئەگەر شتێك هەبوو ئارامت بكاتەوە، بۆ نموونە بۆنێكی تایبەت یان هەر شتێكی تر، دەتوانیت پێش تاقیكردنەوە بەكاری بهێنیت.