شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی خۆراك، دەڵێت” وەرزی هاوین باشترین دەرفەتە بۆ دابەزاندنی كێش و رێجیم كردن.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند”ئەوانەی كە ئارەزووی دابەزاندنی كێش دەكەن و دەیانەوێت رێجیم بگرن، وەرزی هاوین باشترین كاتە بۆ دەستپێكردنی، چونكە بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرما و خواردنەوەی بڕێكی زۆری ئاو، ئارەزووی خواردن كەم دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی خواردنەكان ئەو تام و چێژەی كە لە وەرزی زستاناندا هەیە لەم وەرزەدا نییە.
گووتیشی” گرنگترین ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی زیادبوونی كێش كە پێشتر ئاماژەمان پێكردوون رەنگە ئاسانتر بتوانیت خۆتی لێی بپارێزێت یان وازیان لێ بهێنیت ئەوانیش نەخواردنی ساردەمەنی، خواردنەوە گازییەكان، شەربەتی فرێش و گیراوە و بڕێكی زۆر لە فاست فوود، هەروەها ئاماژە بە چەند هەنگاوێكی گرنگ دەكەین بۆ دابەزاندنی كێش لە وەرزی هاوین، كە بریتین لەمانەی خوارەوە.
-خواردنی بڕی پێویست لە ماددە پڕۆتینەكان و كەمكردنەوە یان نەخواردنی ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە كاربۆهێدراتی سادەی دەستكاری كراو وەك ئاردی سپی، برنجی سپی وشیرینی .
-خواردنی بڕێكی زۆر لە ماددە رێشاڵییەكان، وەك سەوزە، زۆربەی میوە وەرزییەكان و پاقلەمەنییەكان .
-زیادكردنی جوڵە و وەرزشكردن بۆ نموونە رۆیشتن بە پێ شەوانە یان ئێواران و مەلەكردن یاخود هەر وەرزشێكی تر .
- هێشتنەوەی جەستە بە شێداری لە رێگای خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو و كەمكردنەوەی ئەو خواردن و خواردنەوانەی كاڤاینیان تێدایە.
-هۆكاری سەرەكی قەڵەوی هەمیشە بریتییە لە زیادەڕەوی و زۆر خواردن، بۆیە لەگەڵ تێربوون دەست لە خواردن هەڵبگرە تا برسیت نەبێت، هەروەها لە نێوان ژەمەكان خواردن مەخۆ، لە بری ئەمە سەوزە و میوەی وەرزی لەگەڵ خواردن بخۆ بە هێواشی و جوینی بە جوانی، نەخواردنەوە یان كەم خواردنەوی ئاو و شلەمەنییەكانی تر لەكاتی خواردن.
د. كامەران رەسوڵ، دەشڵێت” ئەو خاڵانەی كە ئاماژەمان پێدان زۆر گرنگن، بەڵام لە هەموو ئەمانەش گرنگتر خەوی تەندروستە و شەوانە هەوڵبدەن لەكاتی خۆیدا بخەون، ئەمە سەرەكیترین بنەمای شێوازی ژیانی تەندروست و كێشی تەندروستە.