شەهلا رەشید- سۆران
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، لە راگەیاندراوێكدا، بڵاوی كردەوە” بنكەیەكی تەندروستی لە گوندی گەرەوانی خواروو سەربە قەزای ڕواندز كرایەوە.
ئەووەش خراوەتەڕوو: ” یەكێك لە هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم، گرنگیدان بە كەرتی تەندروستی دروستكردنی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانە بە مەبەستی دابینكردنی خزمەتگوزاریی خۆڕایی بۆ نەخۆشان، ئەم هەنگاوانەش بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ئاسانكاری زیاتر بۆ هاووڵاتییانی ئیدارەی سۆران بكرێت.
ئاشكراشیكرد” هەر لەم چوارچێوەیەشدا لە مەڕاسیمێكدا لە دۆڵی ئاكۆیان، بە ئامادەبوونی د.كامەران مەلا محەمەد شێروانی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز، د.حەمرین مینە، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران و چەندین كەسایەتی دیاری گوندەكە، بنكەیەكی تەندروستی لە جۆری (C) دووبارە دوای روخاندنی دروستكرایەوە لە گوندی گەرەوانی خواروو بە گوژمەی زیاتر لە 130 ملیۆن دینار لەسەر بوودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران، بە فەرمی كرایەوە و سیستەمی كارەبای ئەم بنكەیە بە وزەی خۆرە”.
ئاماژە بەوەشكراوە: ” ئەم بنكەیە بەشێكی زۆری پێداویستییە پزیشكییەكانی تێدا بەردەست دەبن، سیستەمی كارەباكەش لە وزەی خۆر دابین دەكرێت و لەئەمڕۆ بەدواوە خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ نەخۆش و هاووڵاتییانی چەند گوندێك لە دۆڵی ئاكۆیان پێشكەش دەكرێت.

































































