مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سبەی چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران بەڕێوە دەچێت و قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران یش دەڵێ “بۆ دەنگدەرانی ئێرانی دانیشتووی سۆران و دەوروبەری، وێستگەیەكی دەنگدان و سندووقێكی گەڕۆك ئامادەكراوە.”
28ی حوزەیران ئێرانییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری وڵاتەكەیان ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان دەكەن، لە ئیدارەی سۆرانیش چەندین هاووڵاتیی ئێرانی دەژن، ڕەجەب زوبێر قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند كە ئامادەكاری كراوە بۆ دەنگدەرانی دانیشتووی سۆران و دەوروبەری و دەڵێ “وێستگەیەكی دەنگدان لە قوتابخانەی خانی بەرامبەر شارەوانی سۆران تایبەت كراوە بۆ دەنگدەران و لە كاتژمێر هەشت ی بەیانی تا هەشتی ی ئێوارە پرۆسەكە بەردەوام دەبێت، هەروەها سندووقێكی گەڕۆكیش تەرخانكراوە بۆ چۆمان و شارەكانی تری ئیدارەی سۆران،”
قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران لەبارەی ژمارەی ئێرانییەكانی دانیشتووی سۆران گووتی “هیچ ئامارێكی وامان لە دەست دانییە كە چەند ئێرانی لێرە دەژن، بەڵام بە دڵنیایەوە ژمارەیان زۆرە و بەشی زۆرییان ئەوانن كە لە ئێران گەڕاونەتەوە، بەشێكی تریان بە هۆی هاوسەرگیرییەوە، هەندێكیشیان ئەوانن كە خەریكی كاركردنن،”
هاوكات ڕۆژی سێشەممە كونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر ڕاگەیاند كە چەندین وێستگەی دەنگدان و سندووقی گەڕۆك تەرخانكراوە بۆ هاووڵاتییانی ئێرانیی دانیشتووی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی دەنگ بدەن.