مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
شارەزایان و چاودێرانی سیاسی و سەربازیی، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا بە نزیك دەزانن و پێیان وایە گوندی ئەلخیام لە باشووری لوبنان و شاری هرتسلیا لە باكووری ئیسرائیل، دەبێتە چەقی ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری هەردوولا.
بینی گانتز، وەزیری پێشووی ئەنجوومەنی جەنگی ئیسرائیلی سەردانی هرتسلیا ی كرد لەوێ هۆشداری دا و ڕاگەیاند “سوپای ئیسرائیل توانای ئەوەی هەیە لوبنان بخاتە ناو “تاریكییەكی تەواو” و لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا تواناكانی حزبوڵڵا تەفروتونا بكات.”
گانتز دەشڵێت “بیستوومە كە حزبولڵا هەڕەشەی وێرانكردنی تۆڕی كارەبای ئیسرائیل دەكات، بەڵام ئێمە دەتوانین لوبنان بەتەواوەتی بخەینە تاریكییەوە و بە چەند ڕۆژێك دەسەڵاتی حزبوڵڵا هەڵبوەشێنینەوە.”
گوندی (ئەلخیام) سەر بە قەزای مەرجەعیون لە پارێزگای نەباتیە و دەكەوێتە باشووری لوبنان، ئەو گوندە چەندین جار لەلایەن تۆپخانە و فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بوردوومان كراوە، بە بیانووی بوونی چەكدارانی حزبوڵڵا و دروستكردنی پەشێوی بۆ ناوچە سنوورەكانی ئیسرائیل.
هاوكات هرتسلیا شارێكی ئیسرائیلییە و دەكەوێتە فەلەستین لە كەناری دەریای ناوەڕاست لە ناوچەی تەلئەبیب و بە یەكێك لە بەناوبانگترین و دەوڵەمەندترین شوێنەكانی ئیسرائیل دادەنرێت, كە باڵیۆزخانەكان و ماڵی دیپلۆماتكار و بازرگانانی بیانی لێیە.
شارى هرتسليا
گوندى ئهلخيام