موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەك پڕۆژەی رێگەوبان ڕەزامەندیان وەرگیراوە و دراونەتە تەندەر، زاری كرمانجی ناوی پڕۆژەكان بڵاو دەكاتەوە .
ئەندازیار خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” 10 پرۆژەی رێگەوبان بە گوژمەی زیاتر لە 8 ملیار دینار لەسەر بوددجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدان كردنەوە لە سنووری هەر شەش قەزای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستبەجێبەجێ كردنییان دەكرێت .
بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سۆران، دەڵێت:” ئەو پڕۆژانە پێكدێن لە چاككردنەوە و فراوان كردن و قیڕتاوكردنی رێگاكانی ” سیدەكان – هەوێڵان – بێزەفەران ، سۆران – چۆمان، قیڕتاوكردنی رەژدور قەسرێ، ئێنێ مەڕان خۆشكان، گرك و رووست، پیرەسوا، فراوانكردن و چاككردنەوەی گەلی ئەشكەوتە، هەروەها چاككردنەوە و قیڕكردنی رێگەی خەلیفان – بالیسان، رێكخستنەوە و قیڕكردنی بەشێكی رێگای دۆڵی مەلەكان، قیڕتاوكردنی بازنەی باپشتیان تا كەمەربەندی كاولۆكان و جوندیان .
ئەگەر بەڵێندەر بۆ ئەو پڕۆژانە بوونی هەبێت ئەمساڵ دەست بە كارەكانیان دەكرێت، هۆكارەكەش گرفتی پارەی نەختینەیە بۆیە بەڵێندەران وەریبان نەگرتووە .