بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
بەم نزیکانە بەڕێوەبەرایەتى گشتىیى کشتوکاڵى سۆران، بە هاوکارى ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتى، خولێکى بەرووبوومى سپیایى لە قەزاى مێرگەسۆر دەکاتەوە.
کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران، بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند:” بە هاوکارى ڕێکخراوى ( یوئێن دى پى ) ، بەم نزیکانە خولێکى بەرووبوومى سپیایى لە قەزاى مێرگەسۆر دەکەینەوە، بەشداربووانیش دەرچووانى بەشى کشتوکاڵ و ئەو کەسانەن کە خولى سەرپەرشتیاریى پڕۆژە کشتوکاڵییەکانیان پێ کراوە”.
گووتیشى: ” لەو پڕۆژەیە 25 کەس بەشدارى تێدا دەکەن، زیاتر دەرچووانى زانکۆو پەیمانگەکانن، بۆ ئەوەى لە ڕووى ئابوورییەوە پشت بەخۆیان ببەستن و لە ڕێگەى پڕۆژەى کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى ببنە خاوەن سەرچاوەى داهات”.


































































