مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لە هەڤپەیڤینێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقلئەوسەت، نهێنییەكی مەترسیداری سەردەمی حوكمڕانی خۆی ئاشكرا دەكات و ڕایدەگەیەنێت كە سەركردەكانی شیعە داوایان لێكردووە فڕۆكە لە دژی خۆپیشاندەران بەكار بهێنێت و بیانكوژێت.
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق دەڵێت “ساڵی 2016 خۆپیشاندەران لەسەر داوای موقتەدا سەدر هاتبوونە سەر شەقامەكانی بەغدا، ئەو كات هەندێك لە سەركردە شیعەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ئێستا، پاڵەپەستۆیان بۆ دروست دەكردم و دەیانگوت دەبێت فڕۆكە دژی خۆپیشاندەران بەكار بهێنم و بیانكوژم،”
ئاشكراشی دەكات كە چەند جارێك لەلایەن ئەو سەركردانەوە هێرش كراوهته سەر نووسینگە تایبەتییەكەی، بەڵام ئامادە نەبووە هێز لە دژی هاووڵاتییان بەكار بهێنێت.
ئاشكراكردنی ئەو نهێنییە لەلایەن عەبادی یەوە نیگەرانی لایەنگرانی سەدری لێكەوتەوە و لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێن عەبادی ئەو هەشت ساڵە لە كوێ بوو، بۆچی تازە ئەو بابەتە دەورووژێنێت ؟
































































