مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا هۆشداری بە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان دەدات كە لە ئەنجامی بوونی هەر سكاڵایەكی كەسوكاری قوتابییان، ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزا دەبنەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر كە ئاراستەی سەرجەم باخچەی منداڵان و قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیییەكان كراوە، ئاگاداری تەواوی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاكان دەكات كە بەرپرسن لە دیاریكردنی شێوازی سنووری جوگرافی بۆ وەرگرتنی خوێندكار و قوتابییان.
دەشڵێت “لە كاتی بوونی سكاڵای وەرنەگرتنی قوتابییان بەگوێرەی شوێنی جوگرافی لە هەر ناوەندێكی خوێندن، ئەوە بەڕێوەبەری قوتابخانەكە ڕووبەڕووی ڕێكاری كارگێڕی و یاسایی دەبێتەوە و دوای سەلماندنی ڕاستی و دروستی سكاڵاكە سزا دەدرێت.”
ساڵانە سنووری جوگرافی بۆ تەواوی ناوەندەكانی خوێندن و باخچەی منداڵان دیاری دەكرێت، ناوەندەكان ناچاركراون كە سەرجەمی ئەو خوێندكار و قوتابییانی لە سنوورەكەیانن وەربگرن.