زاری كرمانجی-سۆران
حەسەن عەبدوڵڵا ناسراو بە حەسەن زیرەک (٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٢١ لە بۆکان – ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٧٢ لە بۆکان) ھونەرمەند و گۆرانیبێژێکی کورد بوو.[٩] بە بەناوبانگترین ھونەرمەندی کورد لە تەواوی کوردستان دادەنرێت. بەرچاوترین کاری ئەو کۆکردنەوەی گەنجینەیەک لە ئاواز و گۆرانی تۆمارکراویی کوردییە بە دەنگی خۆی کە ژمارەیان نزیكەی 2000 گۆرانییە.
حەسەن زیرەک بەھۆی گۆرانییەکانی لە ناو کوردەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور ناسراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆکان، پارێزگای ورمێ کۆچی دواییی کرد و ھەر لەوێش بە خاک سپێردرا.
ھەرچەندە حەسەن زیرەک بەھۆی سەختی بارودۆخی ژیانەوە سوودی لە خوێندن وەرنەگرت، بەڵام بەھرەیەکی ناوازەی ھەبوو لە ئاوازدانانی شیعر و مۆسیقای کوردی، ئەم بەھرەیە لەگەڵ دەنگە ناوازەکەی، گۆرانییەکانی لە سەرانسەری
ناوچە کوردنشینییەکاندا جێی بایەخ کردوە.
دەنگە کوردییەکەی تا ئێستاش لە ناوچە کوردنشینەکان بە تایبەت لە ڕۆژھەڵات و باشووری کوردستان لە کوچە و کۆڵانەکان لە ماڵ و سەیرانگا و ئاھەنگەکان دەبیسترێت، هەروەها چەندین گۆرانی بێژی ناوخۆیی و بیانی ئاوازەكانی بۆ گۆرانی وتن بەكار هێناوە.
حەسەن زیرەک جگە لە زمانی کوردیی زگماکی خۆی (سۆرانی)، بە زمانەکانی فارسی، تورکی، ئازەری، ئەرمەنی و لوڕیش گۆرانی وتووە و خاوەنی ٣ مەقامە بە زمانی تورکی، ٨ مەقام بە فارسی، ٢ مەقام بە ھەورامی و ٦٤ مەقام بە کوردیی سۆرانی.
نازناوی «زیرەک» بۆماوەیی نییە، باوکی و باپیریشی ئەو ناوەیان پێوە نەبووە، بەڵکو لە ساڵی ١٩٥٣ لە ڕادیۆی بەغدا ئەم نازناوەی پێ درا.
جیا لە ڕادیۆی کرماشان و تاران، زیرەک سەردانی ڕادیۆکانی تەورێز، سنە و مەھابادی کردوە و گۆرانی لێ تۆمار کردون.