زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتیی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگر و سەرجەم وەزیرەكان، كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت .
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ڕەوشی خزمەتگوزاریی كارەبا لە هەرێمی كوردستان لە وەرزی گەرما و هەوڵەكانی وەزارەتی كارەبا بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییەكە لەم وەرزەدا تاوتوێ دەكرێت. هاوكات تاوتوێی پێشنیازی وەزارەتی كارەبا سەبارەت بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (249) لە 27-03-2024، تایبەت بە داشكاندنی سەدا 20ـی پارەی كەڵەكەبووی كارەبای هاووڵاتییان دەكرێت.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا وەكو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەی حكوومەتدا هاتووە، ڕاپۆرتی پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەكانی حەجی ئەمساڵ و ڕێكارەكانی وەزارەتەكە لەبارەی حاجییان و بابەتی گیانسپاردنی، ژمارەیەك لە حاجییانی هەرێمی كوردستان دەخرێتە ڕوو. هاوكات سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێك لەبارەی لایەنە تەندروستییەكەی ئەم بابەتە دەخاتە ڕوو.
بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە بابەتەكانی پەیوەندیدار بە مووچەی هەرێمی كوردستان و ڕێكار و میكانیزمی جێبەجێكردنی پابەندییەكان لە بەرانبەر حكوومەتی فیدراڵ لەوانە، لیستی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی وردبینی هاوبەشیی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێم، بە بانكیكردنی مووچە، بابەتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی یەكگرتووی سەرجەم دامەزراوەكان، بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتیی مانگانەی هەرێم، رێكخستنەوەی مینحەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەگە. گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.