هیوا ساعدی
حەسەن زیرەك زایەلەی خۆشەویستی ئەوینداران، ناسۆری دڵشكاوان، چریكە چریكی بولبولان، و خورە خوری كانییەكانی كوردستانە،
26ی حوزەیران هاوكاتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەك،
زیرەك كێیە و بۆ دەنگی كۆن نابێت ؟
دەنگی زیرەك، هەست و نەستت لە ئاسمانەوە دادەبەزێنێتە سەر زەوی و بە گەرمی و نەرمی لە دڵت دەنیشێت و لەگەڵت دەدوێت. نیچە لە كتێبەكانی وەك “زانستی شاد” یان “بە دونیا هاتنی تراژێدی” لە دژی ئاپۆلۆ، خوای نەزم و مێتافیزیك دەوەستێتەوە و لایەنگری لە دایانیسس خوای شەڕاب و خۆشی و ژیان دەكات. نیچە پێی وایە هونەر دەبێ خولقێنەر بێت، و ژیان و مرۆڤ لە باوەش بگرێت. پێی وایە هونەر نابێ نكۆڵی لە مرۆڤ بكات بەڵكوو بە گۆشت و خوێن و ئێسكانەوە لە ئامێزی بگرێت و هەرچی هەیە لە ئاست مرۆڤ داببەزێت. نیچە پێی وایە بیرۆكەی ئاپۆلۆیی ژیان لە خۆی ناگرێت و زۆرتر لە ئاسمانەوە سەیری دونیا دەكات. حەسەن زیرەك چ بە شیعر و دەق چ بە دەنگ، چركە بە چركەی تێكەڵاو بە ژیان، سروشت، ژن، شەراب، سەرخۆشی و دەردی دونیاوەیە. واتە لە ئاسمانەكان سەیر ناكات بەڵكوو بەردەوام بە پانتایی زەوییدا پیاسە دەكات. بە ناو سروشت و جوانییەكانی، بە ناو ژن و زوڵفەكانی بە ناو مرۆڤ و ناسۆرەكانی، هاتووچۆ دەكات. بۆ خەمباران خەمە، بۆ دڵداران ئەوینە، بۆ سروشت و جوانییەكانی ئاوی ڕوونی كانییە. دیانیسس، تەنیا بە ناوەڕۆكی دەق كورت نابێتەوە بەڵكوو فۆرمی هونەریش لە باڵ خۆی دەگرێت. وێژە و هونەر هەر چەندێكی بە فۆرمێكی میتافیزیكانە و ئاپۆلیاییانە بنووسرێت لە ڕۆحی مرۆڤ دوورتر دەبێتەوە و پەیوەندی گرتن لەگەڵی ئەستەم و وشك دەبێت. بەڵام هەرچەندی ساكار و زەوییانە(بۆ وێنە فۆرمی مێلۆدی، شیعری زیرەك) و بە زمانی خۆماڵی بێت، شوێندانەرتر دەبێت و قووڵتر لە دڵی مرۆڤ كار دەكات. حەسەن زیرەك لە تەواوی گۆرانییەكانی وەك دایانیسس یان ژیان دەخووڵقێنێت یان هەرچی هەیە و نییە لە باوەش دەگرێت. لە لای زیرەك یەك حەقیقەتی ئاپۆلۆی میتافیزیكی بوونی نییە، بەڵكوو كۆمەڵێك واقیعەت هەنە، جارێك واقیعەت لای ئەو سەوزایی بەهارە، جارێك بێ وەفایی كەژاڵ، جارێك مەمكی كچێكی كوردی بە لەنجە و جارێك نیشتمان و سروشتی كوردستان. حەسەن زیرەك لە قووڵایی چاڵاوی هەژاری و چارەڕەشی خۆیەوە، ژیان و مۆسیقا دەخووڵقێنێت. لە بەرە بەری مەرگەوە چنگی لە ژیان دادەگرێت و تا دواین هەناسە جوانییەكانی دەبینێت. دەنگ و ئاوازەكانی حەسەن زیرەك حەقیقەتێكی ئاسمانی بێ ڕۆح نییە نكۆڵی لە دونیا و شەڕاب و جوانی و دەردەكانی بكات، بەڵكوو زایەلەی خۆشەویستی ئەوینداران، ناسۆری دڵشكاوان، چریكە چریكی بولبولان، و خورە خوری كانییەكانی كوردستانە.
دەسپێكی ژیان :
لە ڕێكەوتی ۸ی سەرماوەزی ۲٦۲۱ی كوردی (۱۳۰۰هـ-۱۹۲۱ز) لە گەڕەكی سەرقەڵا (حەوزەلارە)ی شاری بۆكان (بە وتەی هەندێك لە نزیكانی لە گوندی هەرمێڵەی نێوان سەقز و بۆكان)
منداڵێك چاوی بە ژیان هەڵدێ كە ناوی #حەسەنی لێ دەنێن و بە هۆی لێهاتوویی و چالاك بوونییەوە نازناوی “زیرەك”ی پێ دەبەخشرێ و بەمجۆرە بە “#حەسەن زیرەك” ناوبانگ دەردەكا.
كەسێكە سەرانسەری ژیانی پڕی بەدبەختی و سەختی و چەرمەسەری و تەژی زەحمەت و ئاوارەگی و دەربەدەری دەبێ.
قەت ڕووی ئاسوودەگی و هێمنایەتی بە خۆوە نابینێ.
هەر لە منداڵییەوە لە نێعمەتی عەبدوڵڵای باوكی بێبەری دەبێ و لە ۱۱ ساڵیدا بە هۆی شووكردنی خاتو ئامینی دایكی زیاتر نازی دەشێوێ. ئەم ڕووداوانەی سەرەتای ژیانی دەبنە دەسپێكی ئاوارەگی و دەربەدەرییەكەی كە بەشێكی هەرەزۆری ژیانی ئەم هۆنەرە ناوازە لە خۆ دەگرێ.
دەسپێكی گۆرانی چڕینی لە تەمەنی ژێر ۱۰ ساڵیدا دەبێ لەگەڵ “عەبە چاوەش” و “حەمەحسێن چاوەش” لە شایی شار و گوندەكانی دەوروبەر گۆرانی دەڵێ.
دەورانی لاویەتی :
حەسەنی گەنج هەر ماوەیێك لە شوێنێ دەگیرسێتەوە بە گەلێك هۆكارەوە ناچار دەبێ پەڕیوەی شوێنێكی دیكە بێت.
بۆ بژیوی ژیان بە كاری جۆراوجۆرەوە خۆی سەرقاڵ دەكات.
ماوەیەك دەبێتە كارەكەری خان و ئاغاواتی هەرمێڵە و هاوكات بە هۆی دەنگی خۆشیەوە ڕێگای پێ دەدرێ كە بڕواتە دیوەخانی خان.
لە لایێكەوە بە گۆرانی وتن كۆڕی میوانانی خان دەڕازێنێتەوە و لە لایەكی دیكەوە بەشداری شەوداوەت و ڕەشبەڵەكی كیژ و كوڕانی دێی هەرمێڵە دەكات.
سەردەمانێك بە شاگرد كەبابچیێتی ڕۆژگار تێدەپەڕێنێ:
لە شاری مەراغە ماوەیێك ژیان بەسەر دەبا و هەر لەوێ لەگەڵ دوكتور زەندی (باوكی خاتوو میدیای زەندی كە دواتر دەبێتە ژنی حەسەن) ئاشنا دەبێ و دەبێتە خزمەتكاری ماڵیان.
لە تەمەنی دەوروبەری بیست ساڵاندا لە سەقز دەبێتە شاگرد شۆفێری مینەخانی ئەردەڵان لە نێوان سەقز و بانەدا، كەچی بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆ منداڵێك بە ناوی مەحموود نارنجی قوڕەدەرەیی بە ماشێن دەكوژێت و دەكەوێتە بەندیخانە.
پەڕیوەبوونی بۆ عێراق :
لە گێرە و كێشەی بەندیخانە و كوشتنی ئەو كوڕە گەنجەدا، دایكی، ژنەكەی حەسەنی كە “مەحبووبە”ی ناو بووە لە كوڕەكەی تری بەناوی حسەین مارە دەكا.
ئەم ڕووداوە لە سەر هەست و ڕۆحی ناسكی #حەسەنزیرەك هێند كاریگەری دەبێ كە كوردستانی ڕۆژهەڵات جێدەهێڵێ و بەرەو عێراق سەرخۆی هەڵدەگرێ. پاش گەیشتن و ساقامگیربوونی لە شاری بەغدا بە هۆی چەن كەسێكەوە بە كارەكەری میوانخانەی شەمالەلكەبیر (فندق الشمال الكبیر) دادەمەزرێ. لە تاراوگەش هەستی هونەری و دەنگخۆشی لە سینگ و گەروویدا هەدا نادا و ڕۆژێكیان كە لەگەڵ كاری پاك و خاوێنكردنی میوانخانەكە بە مۆرەمۆر گۆرانی دەڵێتەوە كە بە هەڵكەوت میوانێكی تایبەت بە ناوی جەلالی تاڵەبانی گوێ لێ دەبێ كە سۆز و چریكەی دەنگەكە سەرنجی بۆ لای خۆی ڕادەكێشێ و دەبێتە هۆی ئەوە كە لەگەڵ خۆی بیباتە بەشی كوردی ڕادیۆ بەغدا. ساڵی ۲٦٥۳ی كوردی(۱۳۳۲هـ-۱۹٥۳ز) یەكم دەنگی خۆی لەوێ تۆمار بكا. ئەمجارە دەنگی مامۆستا حەسەنزیرەك بەسەر شەپۆلە ڕادیۆیییەكاندا سنووران دەبەزێنێ و لەو ماوەیەدا لە بەغدا نزیك بە ۷٥ گۆرانی كوردی تۆمار دەكا و بڵاو دەبێتەوە كە ئەم دەرفەتە دەبێتە هۆی ئەوە كە ناو و ناوبانگی ئەم هونەرمەندە بە كوردستان و هەر شوێنێ كە كوردی تێدایە و ڕادیۆ بەغدا دەبیسێ بڵاو بێتەوە و نەدیدە بیكاتە ناسیاو و خۆشەویستی گەلەكەی.
گەڕانەوە بۆ ڕۆژهەڵات :
پاش شۆڕشی ۲٦٥۸ی كوردی (۱۹٥۸ز-۱۳۳۷هـ) -كە بە شۆڕشی ۱٤ی ژووئییە بەناوبانگە و تێیدا پاوشایەتی عێراق و حكوومەتی مەلیك فەیسەڵی دووهەم دەڕووخێ و
عەبدولكەریم قاسم حوكوومەت بەدەستەوە دەگرێ- حەسەنزیرەك بە بۆنەی گۆرانی گوتنی بۆ چوونەسەر تەختی مەلیك فەیسەڵی دووهەم، لە ترسان و ناچار عێراق بەجێدێڵێ و ڕوو دەكاتەوە ئێران. دەڕواتە تاران و میوانخانەی حەقیقەت (مسافرخانە حقیقت) لە ناسر خوسرەو كە ئەو سەردەمە مەكۆی كوردەكان بووە لە تاران، بە هەڵكەوت پوورزای دوكتور زەندی دەبینێتەوە و داوای لێدەكا كە بیبا هەتا چاوی بە دوكتور زەندی بكەوێتەوە كە سەردەمانێ لە مەراغە بەردەستیان بووە. بەم بۆنەوە مامۆستا حەسەنزیرەك دەڕواتە ڕادیۆ كوردی تاران هەر لەو ساڵەدا لەگەڵ میدیای زەندی ژیانی هاوبەش پێك دێنێ كە بەرهەمی ئەو ژیانە دوو كچن:
بە ناوەكانی ئارەزوو (مەهتاب) و مەهناز (ساكار).