لە سنوورى لقى 10 کێبڕکێى نێوان بەربژێرەکان گەرمتر دەبێت
زارى کرمانجى-سۆران:
سبەى کۆنفڕانسە ناوخۆییەکانى پارتى دیموکرانى کوردستان دەست پێدەکات و لە سنوورى لقى 10 کێبڕکێ لە نێوان بەربژێرەکان بۆ ستافى ڕێکخراو و ناوچەو لق، تا دێ گەرمتر دەبێت.
سەرچاوەیەکى حزبى بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” سبەى کۆنفڕانسە ناوخۆییەکانى پارتى دەستپێدەکات، بەپێى ئەو بەرنامەیەى دانراوە، دەبێت لە ماوەى پێنج تا هەشت ڕۆژ، کۆتایى بە کۆنفڕانسە ناوخۆییەکان بێت، لە سنوورى لقى 10 کێبڕکێ لە نێوان بەربژێرەکان بۆ ستافى ڕێکخراوو ناوچەو لق، توندتر دەبێت، چونکە هەموو ئەندامێک مافى خۆیەتى لە یەکێک لە ئۆرگانەکانى حزب بەپێى پەیڕەوى ناوخۆ، خۆى هەڵبژێرێت”.
گووتیشى: ”ژمارەى ئەو کادرو ئەندامانەى، کە لە ئۆرگانەکانى حزب خۆیان هەڵدەبژێرن زۆرن، بۆیە کێبڕکێ توندترو گەرمتر دەبێت، بەڵام گرینگ ئەوەیە ئەو کۆنفڕانسە بە سەرکەوتوویى بەڕێوەبچێت و کەسانى شایستە و بە ئەزموون بێنە پێشەوەو ئەو گۆڕانکاریانەى بە ڕێگەى هەڵبژاردنێکى تەندروست دەکرێن لە بەرژەوەندى حزب تەواو دەبن”.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 2022 بە بەشداریی 1050 ئەندام، پارتی دیموكراتی كوردستان 14مین كۆنگرەی خۆی لە شاری دهۆك بەست، بەپێى پەیڕەوى ناخۆى حزب سبەى سێشەممە، كۆنفرانسە ناوخۆییەكان لەسەر ئاستی لق و ناوچە و ڕێکخراو و ئۆرگانەكانی خوارەوە بەڕێوەدەچێت.