” تا ئێستە کەس بەدواى تەرمەکەدا نەهاتووەو ڕووداوەکە گوماناوییە”
زارى کرمانجى-سۆران:
ماوەى حەوت رۆژە تەرمى ئەو هاووڵاتییەى لە شاخ هەڵدێراوە، لە پزیشکى دادى سۆرانە و کچێکى تەمەن ١4 ساڵانیش چارەنووسى دیار نییە.
کاروان میراودەلى، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى سۆران بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” رۆژى 17ى حوزەیرانى 2024، هاووڵاتییەک لە ناوچەى پڕژێى باڵەکایەتى لە شاخ هەڵدێراوەو گیانى لەدەستداوە، بەڵام لەبەرئەوەى هیچ ناسنامەو مۆبایلێکى پێ نەبووە، تا ئێستە نەناسراوەتەوەو تەرمەکەى لە پزیشکى دادى سۆرانە و کەسیش بەدوایدا نەهاتووە”.
زیاتر گووتى: ” ئێمە حەزمان نەدەکرد، وێنەى تەرمەکەى بڵاوبکەینەوە، بەڵام ناچارین بۆ ناسینەوەى بڵاویبکەینەوە، چونکە ڕووداوەکە گوماناوییە، دەبێت بەدواداچوونى زیاتر بکەین، بەڵکو مۆبایلەکەى بدۆزینەوە”.
لەبارەى چارەنووسى ئەو کچە ١٤ ساڵانەى خاوەن پێداویستى تایبەت، کە 20 ڕۆژ پێش ئێستە لە ناوچەى گەشتیاریى ئێنێ ونبووەو تا ئێستە چارەنووسى دیار نییە، میراودەلى ڕوونیکردەوە، ئەو کچە خەڵکى کەرکووکەو نەخۆشى بیرکۆڵى هەبووە، ئەو ڕووداوەش بە تەواوى روونەبۆتەوە، ئاخۆ کەوتووەتە ڕووبارو خنکاوە، یان شتێکى ترە، بەڵام بە قسەى کەسوکارەکەى بە هەموو ئەگەرەکان خنکاوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو کاتە درەنگانى شەو ئەو کچە ونبووە، بۆ بەیانى بە درەنگەوە کەسوکارەکەى ئێمەیان ئاگادارکردووەتەوە، رۆژانە ئێمە لەو شوێنە تیمەکانمان بە دواى دەگەڕێن و تیمى ئێشگرمان هەیە، چونکە دەبێت چارەنووسى ئەو کچە بدۆزرێتەوە، هەروەها داوامان لە هێزە ئەمنییەکان و بازگەکانیش کردووە، هاوکارمان بن.