ئەندامێكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ھەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق بە بیانووی ھۆكاری تەكنیكی دەیەوێت چارەسەری مەلەفی نەوتیی ھەرێم دوابكەوێت، بەڵام ھەردوو سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم و عێراق جیددین ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.
دكتۆر سەباح سوبحی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “پێشتر بڕیار بوو پڕۆژەیاسای نەوت و غاز رەوانەی پەرلەمان بكرێت و پەسەند بكرێت، بەڵام دواتر نەنێردرا و دواكەوت، وەلێ ھیچ پەیوەندیی بەوەوە نییە ببێتە بەربەست بۆ دووبارە ھەناردەكردنەوەی نەوتی ھەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە، چونكە ئێستا گفتوگۆی بەردەوام دەكرێت و ھەنگاوی باشیش نراوە، بۆ ئەوەی دووبارە ھەناردەكردنەوەی نەوتی ھەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبكاتەوە و ئەو یاسایەش زیاتر كەرتی نەوت رێك دەخاتەوە”.
سوبحی گوتیشی: “سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو ھەوڵێكی داوە بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و كۆمپانیاكانی نەوت لە ھەرێم زیان نەكەن، بەڵام لە وەزارەتی نەوتی عێراق دەیانەوێ بە بیانووی تەكنیكی ئەو پرسە دوابخرێت و دەخوازن ھەناردەكردنی نەوتی بەسڕا زیاد بكرێت، ھەرچەندە ڕاستە تێچووی نەوتی ئەوان كەمترە، بەڵام لە ڕووی ستراتیژییەوە ھەڵەیەكی گەورەیە، چونكە ناردنی نەوتی زیاتر بۆ بەندەری جەیھان، ئەلتەرناتیڤ زیاد دەكات و مەترسیی زیاتر دروست دەكات، كە ھەر كاتێك كێشەیەك دروست بێت، كێشەكە گەورەتر دەبێت، بۆیە ئێستا تاكە بەربەست و ھۆكار لە بەردەم دووبارە ھەناردەكردنەوەی نەوت بۆ دەرەوە، تێچووی دەرھێنانی نەوتی ھەرێمی كوردستانە”.
زیاتر گوتی: “ھەردوو سەرۆكی حكوومەت جیددین لەسەر ئەوەی ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت، بەڵام كێشەكە لە وەزارەتی نەوتی عێراقە و ئەوان ھۆكارن كێشەكە بەپەلە چارەسەر نەكرێت، لەبەر ئەوەی نایانەوێت هەناردەی نەوتی ھەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبكاتەوە و دەیانەوێت ھەردەم كارتێكی فشار بێت لە دەست ئەواندا دژی ھەرێمی كوردستان بەكاری بێنن و دەیانەوێت گرفت بۆ كۆمپانیاكانی ھەرێم دروست بكەن و سزایان بدەن، كە پلانەكەش دەرەكییە بۆ ئەوەی دەرفەتی وەبەرھێنانی نەوت لە ھەرێم كەمتر بێت، بەڵام چارەسەری ئەو پرسە لە قۆناغی كۆتاییدایە و لە دوایین كۆبوونەوەدا باسی ھەموو پرسەكان كراوە”.
دەشڵێ: “ئێستا هەردوولا لە گفتوگۆی گەرمدان و چاوەڕێ دەكرێت لە ماوەیەكی كەمدا چارەسەری كۆتایی بۆ بكرێت و ھەناردەكردنەوەی نەوت دەست پێبكاتەوە”.
ناوبراو ئاماژەشی دا: “بە قەڵەم و كاغەز و داتا، زیانی راگرتنی نەوتی ھەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەگاتە ١٦ ملیار دۆلار، بۆیە گرنگە بە زوویی پرۆسەی هەناردەی نەوتی ھەرێمی كوردستان بۆ دەرەوە دەست پێبكاتەوە”.