” 14 ساڵە پڕۆژەی ئاوی خورادنەوە بۆ سۆران ئەنجام نەدراوە”
“لە 48 كاتژمێر دەتوانین تەنیا 1 كاتژمێر ئاو بدەینە هاوبەشان”
“لە زۆرینەی گەڕەكەكان كێشەی كەم ئاوییان هەیە “
بەرێوەبەری ئاوی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند ” كێشەی ئاومان هەیە و لە ساڵی 2009 تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەكی بەرهەم هێنانی ئاوی خواردنەوەمان نەبووە”.
تەحسین سەعدولڵا، رایگەیاند ” كێشەی كەم ئاویمان لە زۆرینەی گەڕەكەكانی قەزای ناوەندی سۆران هەیە، بە تایبەتی ئەو گەڕەكانەی زێدەڕۆییان كردۆتە سەر تۆڕەكانی ئاو”.
بەرێوەبەری ئاوی سۆران گووتیشی ” لە ساڵی 2009 تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەكی بەرهەم هێنانی ئاوی خواردنەوەمان لە سۆران ئەنجام نەداوە، واتە 14 ساڵە تەنها ژمارەی هاووڵاتییان و هاوبەشان زیادی كردووە، لەسەر هەمان تۆڕەكانی كۆن ئەمەش كێشەی كەم ئاوی دروست دەكات “.
ئەم بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەدا ” زیاتر لە 7 ساڵە داوا دەكەین پڕۆژەی ئاو بۆ سنووری قەزای ناوەندی سۆران ئەنجام بدرێت، بەڵام هێشتا بوار نەرەخساوە، تا پڕۆژەی نوێش ئەنجام نەدرێت ئەو كێشەیە نەك بەردەوام دەبێت، بەڵكو زیاتریش دەبێت”.
































































